سەردێر

باشور بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بێدەنگە

چاودێرێكی سیاسی: پلانی پێشوەختە دژی كورد هەیە

خەڵك-ئارام سەردار

چاودێرێكی سیاسی پێی وایە ئۆپەڕاسیۆنەكانی ئەمجارەی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی پلانێكی پێشتر داڕێژراوو نەخشە بۆ كێشراوە لەهەمانكاتیشدا پەیوەستە بە كۆمەڵێك ڕووداو وگۆڕانكاری كە لەناوچەكەو بەتایبەت دۆخی توركیا هەیە، كوردیش كە لایەنێكی سەرەكی بابەتەكەیە خەوتووە و بێ خوێندنەوەو بێ ئامادەسازی و بێ هەڵوێست و بەرنامەیە.

ئازاد جۆڵا، چاودێری سیاسی لەبارەی لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەرخاكی هەرێم بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئۆپەڕاسیۆنەكانی ئەمجارەی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی پلانێكی پێشتر داڕێژراوو نەخشە بۆ كێشراوە لەهەمانكاتیشدا پەیوەستە بە كۆمەڵێك ڕووداو وگۆڕانكاری كە لەناوچەكەو بەتایبەت دۆخی توركیا هاتۆتە ئاراوە ، ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین ئەم ئۆپەڕاسیۆنە لە كاتێكدایە توركیا لە ئاستی ناوچەكە و ناوەخۆش ڕووبەڕووی تێكشكانێكی مەزن بۆتەوە.

دەشڵێت، توركیا لەئاستی دەرەوە لە لیبیا و ئۆكڕانیاو لە گەڕان و دەرهێنانی گازی سروشتی لە دەریا لەگەڵ یۆنان كێشەی هەیە و گرژی لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا هەیەو كێشەی بەردەوامی لە ناتۆ و لەگەڵ ئیدارەی تازەی ئەمەریكا هەیەو بابەتی ئەرمەنییەكان و تێكشكان و نەگەیشتن بە ئامانجەكانی لە سوریاو شەنگال و گرژی لەگەڵ ڕووسیا ڕووبەڕووی بۆتەوە، لەسەر ئاستی ناوەخۆش داڕووخانی ئابووری و بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆن و تووڕەیی شەقام هەیە بەهۆی بەهەدردانی ملیۆنان دۆلار لەشەڕی دۆڕاو بەرتەسك كردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و دووكەوتنەوەی توركیا لە یەكێتی ئەوروپاو ڕەخنەی جددی و بەردەوامی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و یەكێتی ئەورووپا، سەڕەڕای ئەوەش ئاستی خزمەتگوزاری دابەزیوە و بیری نەتەوەپەرستی و دەسەڵاتی تاكڕەوی و دیكتاتۆری پەرەی پێدراوە.

ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی دەكاتەوە، ئەم ئۆپەڕاسیۆنە لە سادەترین لێكدانەوەی بۆ داپۆشین و سپاردنی قەیرانێكە بە قەیرانێكی تر و دوورخستنەوەی فۆكسی گەلانی توركیایە لەسەر ئەم هەموو ماڵوێرانی و شكست و زیانە مادی و مەعنەویەكانە ، لەهەمانكاتیشدا هەوڵێكە بۆ داگیركردنی هەرێم و خۆدەربازكردن لە قەیرانی ئابووری و سەپاندنی هەژموونە لەناوچەكەدا، دۆخی قامێشلۆش بەدەرنییە لەم پیلانی داگیركرییە.

ئەوەش دەخاتەڕوو، هەموو ئەم ڕووداوانە بەبەرچاوی وڵاتانی ناوچەكەو جیهان ئەنجام دەدرێن و كوردیش كە لایەنێكی سەرەكی بابەتەكەیە خەوتووە و بێ خوێندنەوەو بێ ئامادەسازی و بێ هەڵوێست و بەرنامەیە.