سەردێر

“هێرشەكانی توركیا حكومەتی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە”

سەرۆكی پارتی ئیسلامی: دەوڵەتی توركیا لەكاتی تەنگەتاوی نێوخۆدا هێرشدەكاتە سەر كورد

خەڵك-

سەرۆكی گشتیی پارتی ئیسلامیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، توركیا دەیەوێت بە بیانووی شەڕی پەكەكە درێژە بە هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بدات و بەرە بەرە دەسكەوتە سیاسییەكانی ئەم ناوچەیە لەناو بەرێت.

حكمەت سەربڵند سەرۆكی گشتیی پارتی ئیسلامیی كوردستان بە كوردپرێسی ڕاگەیاند، حكومەتی توركیا هەركاتێك لەناوخۆی وڵات شەرعیەتی سیاسیی خۆی لەدەست بدات بەهێرشكردن بۆسەر كورد و قەڵاچۆكردنیان هەوڵ دەدات پێگەی خۆی ساغ بكاتەوە، توركیا بە بۆردوومان كردن و وێرانكردنی خانووی گوندنشینانی كورد دەیەوێت ڕای گشتی ڕەگەزپەرستە توركەكان لەناوخۆی توركیا لەگەڵ خۆی هاوڕا بكات.

وتیشی”حكومەتی توركیا بەتایبەت پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرەستی تورك بۆ ئەوەی كە شەرعیەتی ناوخۆیی لە توركیا بەدەست بێنن، دوژمنایەتی لەگەڵ كورد دەگرنەبەر”.

ئاشكراشیكرد، توركیا بەدوای لەناوبردنی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و ئەم هێرشانە تەنها بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەریلاكانی پەكەكە نییە، بەڵكو ئامانجی ئەم هێرشانە لەناوبردنی دەسكەوتی كوردەكانە لە هەموو ناوچەكاندا.

ڕوونیشیكردەوە، توركیا تەنها بژاردەی شەڕی لەبەردەم كورد داناوە، ئەم شەڕەی توركیا لە (مەتینا، ئاواشین و زاپ) هەڵیگیرساندووە تەنها شەڕ لەدژی پەكەكە نییە، بەڵكو خەڵكی مەدەنی و گوندەكانیش دەكاتە ئامانج و ژیانیان لەناودەبات.