سەردێر

پێكهێنانی لیستی بەرەی گەل شكستی هێنا

حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن بەشێك لەگەڵ پارتی و بەشێك لەگەڵ یەكێتی و بەشێكیان لەگەڵ پارتی و یەكێتی لە گفتووگۆدان

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێم لەگەڵ پارتی و یەكێتی لە گفتوگۆدان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی.

سەرەتای ئەم مانگە دوا مۆڵەتە بۆ پێشكەشكردنی ناوی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق، بەڵام تاكو ئێستا حزبە كوردییەكان هیچ ڕێكەوتنێكیان نییە و ئەمەش گەورەترین مەترسی بۆ كورد دروستدەكات لەناوچە كێشەلەسەرەكان و هاوكات بۆ حزبە بچوك و ناوەندەكانیش مەترسییەو كوردسییەكانیان لەدەست دەدەن.

مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەوڵێكی زۆرماندا فراكسیۆنی سێهەمی ڕاستەقینە دروست ببێت لە هەرێم، فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی و فراكسیۆنی سێهەمیش بۆ ئەوەی بتوانێت گۆڕانكاری لە كوردستان بكات، بەشێوەیەك لە كات و ساتی خۆیدا ئەگەر پێویست بوو لەگەڵ هەر لایەكیان فراكسیۆنی زۆرینە دروست ببێت.

وتیشی”ئەوەی هەیە 30 ساڵە ئەو هاوسەنگییە نەرێنییە لە كوردستان هەیە و بووەتە هۆی وێرانكردنی كوردستان، بەڵام ئەو هەنگاوانەمان زۆر سەركەوتوو نەبوون”.

ئاشكراشیكرد، ئەوەی زانیاریمان هەبێت حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم هەندێكیان گفتوگۆیان لەگەڵ پارتی هەیە و هەندێكیشان لەگەڵ یەكێتی بۆئەوەی بگەنە ئەنجامێك و هەشیانە لەگەڵ هەردووكیان لە گفتوگۆدان.

ڕوونیشیكردەوە، لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن زۆر مەبەستیانە ئەو چەند كورسیەی هەیانە بیپارێزن بە هەر جۆرێك هەبێت، وا دەزانن سەركەوتنێكی زۆر گەورەیە.

دەشڵێت، كێشەیەكی زۆر لەناو كۆمەڵگەی كوردی هەیە و بوونیادی كۆمەڵگە تێكچووە بە مانای ئەوەیە كە هەموو حزب و ڕێكخراو و دەستەكان هەمووی بەرەو لادان دەچێت.