سەردێر

حزبەكانی هەرێم بۆ هەڵبژاردنەكان رێكناكەون

عەبدولسەلام بەرواری: حزبەكان بیركردنەوەی خێڵەكیان هەیە

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، هەڵوێستی حزبەكانی كوردستان هەڵوێستێكی دەمارگیری و بیركردنەوەیەكی خیڵەكییە.
هەرچەندە سەرەتای مانگی داهاتوو كە چەند ڕۆژێكی كەمی ماوە دوا مۆڵەتە بۆ پێشكەشكردنی هاوپەیمانێتی نێوان لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق، بەڵام تاكو ئێستا لایەنە كوردستانییەكان لەنێوخۆی هەرێم یاخود لە ناوچە كێشەلەسەرەكان هیچ هاوپەیمانییەتییەكیان ڕانەگەیاندووە و بەشێك لە چاودێرانی سیاسیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لە ئەگەری پێكنەهێنانی هاوپەیمانی مەترسییەكی گەورە لەسەر كوردە.

عەبدولسەلام بەرواری چاودێری سیاسی و پەڕلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێویستە لەناوچە دابڕاوەكانی سنووری هەرێم ڕێكبكەوین و بە لیستێك دابەزین، پاشان دەتوانین لە هەرێم بە لیستێكی دیكە دابەزین.

وتیشی”ئەم هەڵبژاردنەی عێراق ئەگەر لایەنە كوردستانییەكان لە ناوچەكانی نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین و كەركوك بە یەك لیست دانەبەزن و ڕێكنەكەون كە پشتگیری یەكتر بكەن، زۆر كورسی لەدەست دەدەین”.
ئاشكراشیكرد، لەگەڵ ئەوەدا نیم پێش هەڵبژاردن هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بكرێت، بەڵام ئەگەر پێش هەڵبژاردن ڕێكبكەوین لەسەر چەند خاڵێكی سەرەكی و دواتر ئەو لایەنەی دیاریكرا بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەوە باشترین شێوازە.

لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنی لایەنە كوردییەكان ناوبراو ڕایگەیاند، ئەوەی من زانستیانە هەڵوێستی حزبەكانی كوردستان دەخوێنمەوە، هەڵوێستێكی دەمارگیریی و بیركردنەوەیەكی خیڵەكییانەیە بەداخەوە، كە هەر یەك خەریكە بەرانبەرەكەی بشكینێت، هەر دەستكەوتێك لایەنێك بەدەستی بهێنێت ئەویتر دەیكاتە هی خۆی یان بێ بەهای دەكات، وایكردووە ئومێدم كەمە كە ڕێكبكەون بەداخەوە.