سەردێر

مەسرور بارزانی: پابەندین بە سەرجەم بڕگەكانی یاسای بودجەی عێراق

چاوەڕێی بەشە بودجەی هەرێم دەكەین

خەڵك-

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی الجزیرە، وەڵامی چەندین پرسیاری تایبەت بە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لە دایەلۆكی ستراتیجی ئەمەریكا-عێراق، پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی و پەیوەندی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێی دایەوە. چاوپێكەوتنەكە لە چوارچێوەی بەرنامەی (دیداری ئەمڕۆ – لقا‌و الیوم) پەخشكرا.

ئەلجەزیرە:سڵاوتان لێ بێت بینەرانی بەڕێز بۆ زنجیرەیەكی نوێی بەرنامەی (دیداری ئەمڕۆ) كە خۆشحاڵم بە میوانداری بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان .
بە دۆسیەی دانوستانی ستراتیجی نێوان ئەمەریكا و عێراق دەستپێدەكەم تایبەت بە داهاتووی هێزە ئەمەریكییەكان لە عێراق. لایەنی كوردی لە ڕێیی چەند نوێنەرێكەوە بەشدارە لە چوارچێوەی شاندی عێراقی. ئاشكرایە كە جیاوازی بیروبۆچوون لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە سەبارەت بە داهاتووی هێزە ئەمەریكییەكان لە عێراق. ئەو جیاوازییە چییە؟

مەسرور بارزانی:لە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان لە گەڵ ئەمەریكا، بە مەبەستی تاوتوێكردنی پرسە ستراتیژییەكان، كە بێگومان هەرێمی كوردستان ئەندامە لە شاندی حكومەتی عێراق، لایەنی عێراقی، لەنێویشیان شاندی هەرێمی كوردستان، لەو بڕوایە دایە، هەڕەشەی تیرۆریزم لە عێراق هێشتا جیدییە، هەر بۆیە هێشتا هاوكاری و یارمەتیدانی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا پێویستە، ئەمەش بۆچوونێكی هاوبەشی سەرجەم ئەندامانی شاندی حكومەتی عێراقییە بۆ گفتوگۆ ستراتیژییەكان، لە نێویشیاندا، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەلجەزیرە:بەڵام با بزانین جیاوازیییەكە چییە. بەغدا دەیەوێ هێزە ئەمەریكییەكان بكشێنەوە. قسەش لە بارەی ئەوە هەبوو ئەو كشانەوەیە بنكە ئەمەریكییەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراقیش بگرێتەوە، بۆچوونی بەغدا و هەولێر لە بارەی بوونی ئەو هێزانە چییە، بەتایبەتی لە سەر خاكی هەرێمی كوردستان.

مەسرور بارزانی:هەر شتێك رووبدات پێویستە بە پێی ڕێككەوتنێكی گشتی بێت لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەمریكا. نابێت هیچ سیاسەتێكی جیاواز هەبێت. بۆیە هەرشتێك ڕووبدات دەبێ بە رێككەوتنێكی گشتگیر بێت، هەروەكو ڕاشمانگەیاند ئەمە گفتوگۆیەكی ستراتیژییە لە نێوان حكومەتی عێراقی و ئەمریكا، هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەو گفتوگۆیانە، هەمووشی بەندە بەوەی دوا بڕیاری سیاسی عێراق چی دەبێت لەو پرسەدا. هەرێمی كوردستان هیچ سیاسەتێكی جیاوازی نابێت لەوەی چ خاڵێك لەو گفتوگۆیانەدا باس كراوە و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە.

ئەلجەزیرە: جۆری ئەو هەڕەشەیە چییە كە هەولێر و هەرێمی كوردستان هەستی پێ دەكات لەلایەن داعشەوە؟ سەرئەنجام چ پاساوێك بۆ بوونی هێزی ئەمەریكییە هەیە لە هەرێم؟

مەسرور بارزانی:ئێمە لەو بڕوایەداین هێشتا داعش مەترسییەكی گەورەیە، نەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ عێراق و هەروەها بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش. داعش بە تەواوی لەناو نەبراوە، لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە داعش هێشتا زۆر چالاكە و هێشتا خەڵك رادەكێشێتە نێو ڕیزەكانیانەوە، هەروەك لەم دواییانەشدا بینیوومانە هێشتا توانای ئەنجامدانی كردهی تیرۆریستیان لە ناوچە جیاوازهكانی عێراق و سووریاش هەیە. ئەوان هێشتا توانای ئەوەیان هەیە ساڵانە بڕی 150 ملیۆن دۆلاریان دەست بكەوێت، بۆیە داعش هێشتا چالاكی هەیە و ئێستاش داعش ژمارەیەكی زۆر ئەندامی هەیە. بۆیە دەبێ ئەو مەترسییە كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەبێ هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانانیش پێموانییە هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە بتوانن بە تەنیا و لەیەككاتدا ڕووبەڕووی ئەو هەموو تەحەدییانە ببنەوە.

ئەلجەزیرە: لە ماوەی ڕابردوودا باسی پووچەڵكردنەوەی هەوڵێكتان كرد كە بە تیرۆریستی ناوتان برد لە لایەن داعش كە ئامانجی هەولێر بوو. دۆخی ئاسایشی هەرێم ئێستا چۆنە؟

مەسرور بارزانی:ئێمە لە ناوچەیەكدا دەژین، كە ڕووبەڕووی ئەو هەموو قەیران و بەربەستە ئەمنیانە بووەتەوە، بەڵام هەروەكو لای هەمووان ئاشكرایە هەرێمی كوردستان ئارامترین شوێنە لە ناوچەكە و بووەتە پەناگەیەكی سەقامگیر و خەڵكێكی زۆر بەهۆی شەڕ و كوشتار، یان هۆكارگەلێكی دیكە، ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە كوردستان ژیان بەسەردەبەن، ئەمەش بەهۆی ئەو ئارامی و سەقامگیرییە ڕێژەییەی لێرە هەیە. بۆیە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی ئارامە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نایەت، كە ئێمە هەڕەشەمان لەسەر نییە و لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەكانەوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگ ناكرێینەوە. هەروەك ئاماژەشت بۆ كرد لەم دواییانەدا شانەیەكی داعش لە هەرێمی كوردستان دەستگیركران، ئەو گرووپە پیلانیان داڕشتبوو كاری تیرۆریستی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن و چەند شوێنێكی دیاریكراو بتەقێننەوە، بەڵام خۆشبەختانە هەموویان دەستگیركران، ئەمەش وەبیرهێنانەوەیەكە كە هەرگیز ناكرێت ئێمە هەڕەشەی تیرۆر بە كەم بزانین، نە لە هەرێمی كوردستان و نە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق. هەربۆیە ئێمە شانازی بە هێزەكانی ئاسایشی خۆمان دەكەین، كە توانیان ئەو شانە نووستووە ئاشكرا بكەن، پێش ئەوەی بتوانن كارە تیرۆیستییەكانیان ئەنجام بدەن.

ئەلجەزیرە: بە ڕای تۆ ئایا مەبەست لەو هێرشانە ناردنی پەیامی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بكشێنەوە لە هەرێمی كوردستان؟

مەسرور بارزانی:ڕەنگە ئەوە ئامانجەكە بێت، بەڵام ئەوە كارێكی هەڵەیە، لەبەرئەوەی هەروەكو دەزانی ئەمهریكا وڵاتێكی بەهێزە و هاوكاری حكومەت و گەلی عێراقیان كرد لەوەی لەدەست رژێمی دیكتاتۆری پێشوو رزگاریان بێت. هاوكاری ئێمەیان كردووە لە شەڕی دژ بە داعش، ئەوان لێرەن و لەسەر داوا و بانگهێشتی حكومەتی عێراقی و بە ڕەزامەندی حكومەتی عێراق لێرەن. بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە، كە ئایا ئەو كەسانە كێن و نوێنەرایەتی كێ دەكەن؟ لەبەر ئەوەی حكومەتی عێراقی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەمهریكا لەسەر چارەنووسی هێزەكانی ئەمهریكا لە وڵاتەكە و ئەم گرووپ و هێزانەش لە دەرەوەی دامودەزگا فەرمییەكانی حكومەتی عێراقی هەڵسوكەوت دەكەن، بۆیە ناكرێت كارەكانی ئەو گرووپانە وەكو بۆچوونی عێراقییەكان وەربگیرێت، ئەمە تەنیا كار و بۆچوونی هەندێ لەو گرووپانەیە، كە دەیانەوێت لە ڕێگای هەڕەشە و هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئهمهریكا، ناچاریان بكەن لە عێراق بچەنە دەرێ، پێموایە ئەمەش رەوشەكە ئەوەندەی دیكە ئاڵۆزتر دەكات، بەهیچ شێوەیەكیش ئەو رێگایە هاوكار نابێت بۆ گەلی عێراق و هاوكاریش نابێت لە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و ئەمهریكا، بۆیە دەبێ حكومەتی فیدڕاڵ بەشێوەیەكی گونجاو چارەسەرێك بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە.

ئەلجەزیرە: حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق دەتوانێ چی بكات بۆ وەستاندنی هەڕەشەی ئەو گرووپانە چەكدارانە بۆمباران دەكەن كە پێتانوایە سەر بە حەشدی شەعبین؟

مەسرور بارزانی:ئێمە چەندین جار ئەوەمان دووپاتكردۆتەوە، كە لە هەندێ ناوچە بۆشایی ئەمنی هەیە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پێیدەگوترێت، ناوچە جێ ناكۆكەكان. زۆربەی هێرشەكان لەوێ ئەنجام دەدرێن، یانیش لەوێ پیلانیان بۆ دادەنرێ. بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییەش ئێمە لەمێژە پێشنیازی ئەوەمان پێشكەش بە حكومەتی فیدڕاڵ و سەرۆك وەزیران كردووە، كە پێویستە هێزێكی ئەمنی هاوبەش لەو ناوچانە پێكبهێنرێت بۆ پاراستنی ناوچەكە و رێگریش لە چەكدارانی داعش یان هەر گرووپێك بكات كە كاری تیرۆرستی لەو ناوچانە ئەنجام بدەن. بۆیە بە بوونی ئەو هێزە هاوبەش و هەماهەنگییە وا دەكات گۆڕانكارییەكی گەورە ڕووبدات، ئەمەش لە ئەنجامدا وا دەكات، ئەو ناوچەیە سەقامگیر بێت و دەبێتەهۆی سەقامگیرتربوونی دۆخی هەرێمی كوردستان.

ئەلجەزیرە: باسی ئەوەتان كرد كە لە پەیوەندیدا بوون لە گەڵ بەغدا دەربارەی ئەو ڕووداوانەی دوویارە بوونەوە لە لایەن چەند لایەنێكەوە كە لە سەر حەشدی شەعبی دەژمێردرێن. وەڵامی بەغدا چی بوو سەبارەت بەم بابەتە؟

مەسرور بارزانی: لەسەرەتا دەبێ بڵێم كە چەندین گرووپی جیاواز لەنێو حەشدی شەعبی هەن بۆیە ناكرێت ئێمە ئەو كارە بەشێوەیەكی گشتی لێكبدەینەوە و تەواوی حەشدی شەعبی تۆمەتبار بكەین. هەروەها گرووپیش هەن لە دەرەوەی یاسان و بەشێكیش نین لە دەزگا فەرمییەكانی حكومەتی عێراقی و هەتا گوێش لە حكومەتی عێراقی ناگرن بەڵكو ڕووبەڕووی حكومەتیش دەوەستنەوە، بۆیە دەبێ ئەو جۆرە گرووپ و كەسانە بهێنرێنە ژێر كۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە.

ئەلجەزیرە: تا چ ڕادەییەك كۆنترۆڵكردنی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی و وەستاندنی ئەو هێرشانە، پەیوەندی بە هۆكارەكانی ناوخۆ و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و لایەنی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە؟

مەسرور بارزانی: بێگومان ئەو هێرشانە بۆ ئەوەیە زیان بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و هەروەها پەیوەندییەكانی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیەنێت. بۆیە هەركەسێك لە پشت ئەو هێرشانەوە بێت، خزمەتی بەرژەوەندییەكانی گەل و حكومەتی عێراق ناكات. دەبێ حكومەتی فیدڕاڵ چارەسەرێك بۆ ئەم كێشەیە بدۆزێتەوە، ئێمەش وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەین بەهەموو شێوەیەك هاوكاری حكومەتی فیدڕاڵ بكەین تاوەكو ئەو جۆرە بەربەست و هەڕەشانە سنووردار بكەین.

ئەلجەزیرە: هەڵوێستی تاران لەمبارەیەوە چییە؟

مەسرور بارزانی: من نازانم بەتەواوەتی مەبەستت چییە، بەڵام ئێران دراوسێمانە و بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆی لە عێراق هەیە، سیاسەتەكانی ئێمەش زۆر ڕوون و ئاشكران، دەمانەوێت پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ هەموو دراوسێكانمان هەبێت، لەنێویشیان ئێران. ئێمە سنوورێكی دوورودرێژمان لەگەڵ ئێران هەیە، بەرژوەندی بازرگانی و ئەمنی هاوبەشمان هەیە، بۆیە هیوادارین كە پەیوەندییەكانمان بەهێزتر بێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش، كە دەستوەردان لە كاروباری یەكتری نەكرێت.

ئەلجەزیرە: مەبەستم ئەوەیە لە چوارچێوەی ئەو دانوستانەی دەكرێت دەربارەی ڕێككەوتنی ناوەكی و هۆكارە پەیوەندیدارەكاتی تری هەرێمیی، هەروەها پەیوەندی ئەو گرووپانە لە گەڵ ئێران. مەبەستم هەڵوێستی ئێرانە لەم دۆسیەیە؟

مەسرور بارزانی: لەراستیدا ئێمە تەنیا دەتوانین لەسەر بنەمای ڕاگەیاندراوە فەرمییەكان بڕیار بدەین، لەو چوارچێوەیەشدا ئەوان هیچ بەرپرسیارێتییەكیان لەو كارانە ڕانەگەیاندووە. بێگومان دەشزانین ئەوان سیاسەتێكی ڕوونیان هەیە لەبەرامبەر بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و ئەو سیاسەتەشیان بە ئاشكرا لە میدیاكان ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە و پەیوەست بە پەیوەندییەكانمان بێت لەگەڵ ئێران، ئێمە خوازیارین پەیوەندییەكی باش و دۆستانەمان هەبێت لەگەڵیان، پەیوەندییەك لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و دەست لە كاروباری یەكتری وەرنەدەین، ئەمەش سیاسەتی ئێمە بووە و لەوبارەیەشەوە، راشكاوبووین و لەسەر هەمان سیاسەتیش بەردەوام دەبین.

ئەلجەزیرە: پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا چۆن دەبینین دوای پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2021 كە ماوەی چوار مانگ دواكەوت بە هۆی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و جیاوازی بیروبۆچوونی هەردوولا، هەولێر و بەغدا ؟

مەسرور بارزانی: لە دوای پەسەندكردنی یاسای بودجە، پەیوەندییەكان باشتر بوون، بەڵام لەرووی پڕاكتیكی و كردەییەوە هێشتا هیچ كارێك نەكراوە. هێشتا چاوەڕێی سەرۆك وەزیران و حكومەتی عێراقی دەكەین بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانە بكەن، لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی هەمانە. ئێمە ڕامانگەیاندووە بە تەواوی پابەندین بە سەرجەم ئەو بڕگانەی رێككەوتنەكە، ئەوەی پەیوەستە بە ئێمە جێبەجێی دەكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش چاوەڕێ دەكەین سەرۆك وەزیران و حكومەتی فیدڕاڵی بودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە بكەن، هەروەكو دەشزانن ئێستا ئێمە لە مانگی نیسانداین، بەڵام ئەوا بۆ ماوەی 10 مانگ دەبێت حكومەتی فیدڕاڵ هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە نەكردووە. بۆیە چاوەڕێش دەكەم و هانی سەرۆك وەزیران دەدەم پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.

ئەلجەزیرە: دوای ئەوەی بودجە پەسەند كرا ، پێشبینی دەكەن كەی ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێت؟

مەسرور بارزانی: ئێمە چاوەڕێی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەكەین و ئەوەش لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆك وەزیران و حكومەتی فیدڕاڵ، كە میكانزمێك دابنێن، هیچ بەربەستێكی یاسایی نەماوە، تەنیا ئەوە ماوە یاساكە بەزووترین كات جێبەجێ بكرێت، ئەمەش پێموایە هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە.

ئەلجەزیرە: هەر سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی پەیوەندی لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی ، ڕێككەوتنێك لە نێوانتان هەبوو سەبارەت بە شنگال كە بە ڕێككەوتننامەی شنگال ناسراوە بۆ دەركردنی گرووپە چەكدارەكان بەتایبەتی پەكەكە لەو ناوچەیە. هەروەها فشاری توركیا لەمبارەیەوە هەبووە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش مانگ بە سەر ڕێككەوتنەكە ، بۆ تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە ؟

مەسرور بارزانی: ئەوە رێككەوتنێكی باش بوو لە نێوان هەولێر و بەغدا، رەنگە ئەمەش ببێتە دەروازەیەك، یان دەستپێكێك بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی دیكە لە نێوان هەولێر و بەغدا. بەداخەوە رێككەوتنەكە بە كردەیی جێبەجێنەكراوە، ئەمەش لەبەرئەوەی هەندێ لە هێزە یاساییەكان رووبەڕووی دەسەڵاتی هێزەكانی فیدڕاڵی بوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەش، بوونی هێزەكانی پەكەكە بەربەستێكی دیكە بووە لەبەردەم جێبەجێنەكردنی ئەو رێككەوتنە، ئێمەش هەتا ئێستا چاوەڕێی حكومەتی فیدڕاڵی دەكەین، كە هەنگاو بنێت و بەرپرسیارێتییەكەی له چوارچێوهی ئەم رێككەوتنە جێبەجێ بكات، چونكە پێمانوایە ئەو رێككەوتنە، نەك تەنیا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا باشتر دەكات، بەڵكو دۆخی تەواوی ناوچەكەش بە گشتی سەقامگیر دەكات.

ئەلجەزیرە: كاریگەریی ململانێی پەكەكە و توركیا ئاشكرایە لە سەر هەرێمی كوردستان ، بە تایبەتی كە چەندین گوند لە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدا نەماون بە هۆی بوونی چەكدارانی پەكەكە لەو شوێنانە، ئەمەش وایكردووە توركیا بێتە ناوچەكەوە. لەمبارەیەوە دەتوانن چی بكەن؟

مەسرور بارزانی: پێشەكی دەمەوێت ئەوەتان بەبیر بهێنمەوە، كە ئەمە كێشەی ناوخۆی توركیایە و هێنرایە نێو خاكی هەرێمەكەمانەوە، ئەوە كێشەی نێوان پەكەكە و توركیایە، نە كێشەی عێراق و نە كێشەی ئێمەیە. ئەم كێشەیە رووبەڕووی ئێمە كراوەتەوە، بەتایبەتی لەو كاتەی ئێمە سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەی داعش بووین. زۆربەی هێزەكانمان تەرخانكرابوون بۆ شەڕی دژ بە داعش و ئەو ناوچەیەش بێ هێز مابوونەوە. بەداخەوە پەكەكە ئەو هەلەی قۆستەوە و هەوڵیدا هەژموونی خۆی فراوانتر بكات، بەتایبەتی لە رووی سەربازییەوە لەو ناوچانە، بۆیە هێزەكانی پەكەكە دەستیان گرت بەسەر ئەو ناوچانەی، كە هێزەكانمانی تێدا بوون، زۆرێك لە خەڵكی سڤیلی ناوچەكەش بەهۆی ئەو شەڕ و ناسەقامگیرییەی لەو ناوچەیە لە نێوان توركیا و پەكەكە هەیە، نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە نێو ماڵی خۆیان. بەهۆی ناكۆكی و شەڕەوە، نزیكەی 800 گوند لەو ناوچانە ئاوەدان نەكراونەتەوە. دەستپێكردنەوەی ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەش ژمارەیەكی دیكەی خەڵكی ناوچەكەی ناچار كردووە لە گوندەكانیان ئاوارە بن، ئێستاش پرسیارەكە ئەوەیە، كە ئایا بۆچی پەكەكە لێرەیە؟ نابێت پەكەكە لێرە بێت، نابێت ئەوان خۆیان بە بەدیل بناسێنن. ئەوان بەجۆرێك هەڵسوكەوت دەكەن، رێگە بە جووتیاران نادەن بچنە سەر زەوییەكانی خۆیان، ئەوان خۆیان بە بەدیلی دەسەڵات دەناسێنن. بێگومان لەمیانەی شەڕە بەردەوامەكەشیان لەگەڵ توركیادا، ناوچەكە زیاتر ناسەقامگیر بووە بۆ خەڵكی ناوچەكە، كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە، كە داوا لە پەكەكە بكەین هەرێمەكەمان بەجێبھێڵن و رێز لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بگرن، توركیاش لەوە تێبگات، كاتێك دۆخی ناوچەكە سەقامگیر بووەوە، چاوەڕێ دەكەین توركیاش بكشێتەوە نێو خاكی خۆی.

ئەلجەزیرە: ئایا تا چەند ئەوە كاریگەریی لە سەر پەیوەندییەكانتان لە گەڵ توركیا هەیە؟

مەسرور بارزانی: ئێمە پەیوەندی ئابووریمان لەگەڵ توركیا هەیە. رێگەم بدە بیرتان بێنمەوە كە كورد هەمووی پەكەكە نییە. بۆیە پەیوەندی كورد و توركیا ناكرێت تەنیا لە چوارچێوەی پەیوەندییەكانی توركیا و پەكەكە تەماشا بكرێت. توركیا كێشەی لەگەڵ پەكەكە هەیە، ئێمە پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵیان هەیە، هەروەكو چۆن لەگەڵ هەموو دراوسێكانمان هەیە. هیواخوازیشین پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانمان پەرە پێبدەین و تێشدەگەین لەوەی هەموومان نیگەرانین بەرامبەر بە دۆخی ئەمنی وڵاتانی خۆمان، بۆیە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا ئاسایین.

ئەلجەزیرە: سەبارەی بە كۆرۆنا و شەڕی جیهانیی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم پەتایە، دۆخی تەندروستی هەرێم بە چ شێوەیەكە لە هەرێمی كوردستانی عێراق. كە ئێمە هەموومان ڕووداوە دڵتەزێنەكەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی بەغدامان دیت؟

مەسرور بارزانی: زۆر بەداخین بۆ ئەو ڕووداوەی لە نەخۆشخانەی ئیبن ئەلخەتیب لە بەغدا روویدا، پەیوەندیم بە سەرۆك وەزیرانەوە كرد و سەرخۆشی خۆمانمان پێگەیاند. لەهەمان كاتیشدا ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان راگەیاند لەوەی نەخۆشخانەكانمان ئامادەن بریندارانی ئەو رووداوە، یاخود ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەچارەسەر هەیە، لەخۆبگرێت. بەشێوەیەكی گشتی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆتە كێشە، نەك تەنیا بۆ ئێمە، بەڵكو بۆتە كێشە بۆ سەرانسەری جیهان. لە كوردستانیش ژمارەی كەیسەكان پەیوەستە بە شەپۆلەكان و هەندێجار ژمارەی رۆژانە دەچێتە خوار سەد كەیس و هەندێجاریش سەروو چەند سەد كەیسێك لە رۆژێكدا. پێموابێت هەماهەنگییەكی باش لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و رێكخراوی تەندروستی جیهانی و هەروەها وەزارەتی تەندروستی عێراقی هەیە، سەبارەت بە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو پەتایە و دابینكردنی ڤاكسین بۆ هاووڵاتیان. ئێمە هیواخوازین ڤاكسینی زیاترمان بەدەست بگات لەبەرئەوەی پرسی گەیاندنی ڤاكسین بۆ هەرێمی كوردستان زۆر خاوە و ژمارەشیان زۆر كەمە. بۆیە ئەمە هەلێكی باشە بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنم كە ئێمە پێویستمان بە بڕێكی زیاتری ڤاكسین لە هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە پێموایە دواجار ڤاكسین هاوكار دەبێت لەوەی بگەڕێینەوە دۆخی ئاسایی ژیان، نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە تەواوی عێراقیش.

ئەلجەزیرە: ئایا حكومەت پێداچوونەوەی بە پێداویستییە تەندروستییەكان بۆ نموونە وەكو ئۆكسیجن و ڕێوشوێنەكانی سەلامەتی كردووە ؟

مەسرور بارزانی: بەداخەوە پێموانییە كەرتی تەندروستی لە عێراق لە دۆخێكی باشدا بێت. بۆیە پێموانییە ئەوان كاری زیاتر لەوەی هەیە بتوانن ئەنجامی بدەن. زۆربەی پێداویستییەكانمان بە خۆمان دابینی دەكەین. هەندێ هەماهەنگیی لە نێوان وەزارەتەكانی تەندروستی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵدا هەیە، ئەوان ئەو پێداویستیانەی لەبەردەستیانە دەتوانن دابینی بكەن، بەڵام بێگومان ئێمە چاوەڕێی زیاتر دەكەین. چاوەڕێش دەكەین حكومەتی عێراق گرنگی زیاتر بە كەرتی تەندروستی بدات، لەو رێگایەشەوە هاوكاری زیاتری هەرێمی كوردستان بكات.

ئەلجەزیرە: زۆر سوپاس بۆ بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردنتان لە بەرنامەی ( دیداری ئەمڕۆ ) .

مەسرور بارزانی: سوپاستان دەكەم.