سەردێر

لەسەر لێدوانی پزیشکێک، وەزارەتی تەندروستی لیژنە پێکدەهێنێت

 تەندروستی هەڵەبجەش ڕاگەیەنراوێک بڵاودەکاتەوە

خەڵک

دوای ئەوەی پزیشکێک لەسەر پرسی گەندەڵیی لە كەرتی تەندروستی هەڵەبجە كۆمەڵێك زانیاری ئاشکراکرد وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی تایبەت پێك دەهێنێت و تەندروستی هەڵەبجەش ڕاگەیەنراوێک بڵاودەکاتەوە.

 

د.باخان ئازاد، بۆ ڕۆژنامەنوسانی ئاشکراکرد، لە نەخۆشخانەیەكی سنوورەكە پارەی زیادە لە خەڵك وەرگیراوە، نەشتەرگەریی كراوە بێ ئەوەی پزیشكی پسپۆڕی بەنج بەپێی پێویست ئامادە بێت.

وتیشی؛ لە 20 تا 23 پزیشكی یاریدەدەری بەنج، بەڵام تەنیا یەك كەس بەم كارە هەڵدەستێت.

ئاشکراشیکرد؛ ڕەنگە مانگانە بەبڕی 120 ملیۆن دینار نەشتەرگەری كرابێت، بەڵام ئەو پارەیە لە حكوومەت و وەزارەتی تەندروستی شاراوەتەوە.

 

پەیوەست بەم قسانەی ئەو پزیشکەی هەڵەبجە، لە نوسراوێکدا کە واژووی وەزیری لەسەرە، وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەكی تایبەتی بۆ بەدواداچوون پێکهێناوە وداوای راستی و دروستی ناوەڕۆكی ئەو لێدوانانەدەکات کە پەیوەست بە کەرتی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە خراونەتەڕوو.

لە لایەکی دیکەوە، بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە؛ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پزیشکێکی میلاکی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە، ھەندێک لێدوان و زانیاری بڵاو کردوەتەوە لە پەیج و ئەکاونت و کەناڵەکانەوە، بە ھاووڵاتیان ڕادەگەیەنین کە سەرجەمیان دوورن لە ڕاستیەوە و وەک کاردانەوەیەک ئەیبینین بۆ ھەوڵدان بە مەبەستی چەواشەکردنی ڕای گشتی و بەلاڕێدانی ڕێرەوی لێکۆڵینەوه لەو سکاڵایانەی كە ئێمە كردومانە لە وەزارەتی تەندرووستی و دادگای لێکۆڵینەوەی ھەڵەبجە كە دواتر لەسەر داوای پزیشكی شكاتلێكراو سكاڵاكانی گواستراونەتەوە بۆ دادگاكانی هەولێر .

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئێستا لیژنەکان بە ئەندام بوونی داواكاری گشتی لە لێکۆڵینەوەدان و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامی سکاڵاکان و ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە.