سەردێر

پەڕلەمانتارێكی یەكێتی لەسەر خۆكاندیدكردنەوەی چی بە بافڵ تاڵەبانی وتووە؟

خەڵك-
پەڕلەمانتارێكی یەكێتی لە پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، كە جارێكی دیكە خۆی بۆ پەڕلەمان كاندید ناكاتەوە و دەشڵێت: “لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی پێشنیاری كاندیدبوونەوەم كرا، بەڵام بە بافڵ تاڵەبانی-م وت، خۆم كاندید ناكەمەوە”.

ڕێبوار تەها، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە فراكسینی یەكێتی لە پشكی كەركوك لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، لە دوو خولی پەڕلەمان لە 2014 لە ڕیزبەندی دووەمی زۆرترین دەنگەكان بم و لە 2018 بە 64 هەزار دەنگ براوەی یەكەمی پارێزگا و چوارەمی هەموو عیراق بم و بۆ ئەو متمانەیەی كەركوكییەكان ناتوانم هیچ كات چاكەیان بدەمەوە و هەمیشە خۆم بەقەرزاریان دەزانم.

ڕاشیگەیاندووە، لەدوای ئەو بارە سەپێنراوەی سەر كەركوك، شۆڤێنییەكان بەردەوام لەبۆسەن بۆ جێبەجێكردنی پیلانە مەترسیدارەكانیان دژی ئایندەی كەركوك و گەلەكەمان ، بۆیە شەری ئەم قۆناغە سەختتر و قورستربوو لەجاران، لەگەڵ ئەوەی ھەمیشە بڕوای تەواوم بە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و ھاوبەشی كردنی ڕاستەقینە ھەیە لە ئیدارەدانی كەركوك و كردنی بەشارێكی نموونەیی.

دەشڵێت: “لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركرایەتی بەسەرپەرشتی هەڤاڵ باڤڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی پێشنیاری كاندیدبوونەوەم كرا، بەڵام بەهەڤاڵانی ھاوسەرۆك و سەركردایەتیم ڕاگەیاند، كە خۆم بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاندید ناكەمەوە و ئەمەش دوابڕیاری خۆمە”.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هاوڵاتیانی خۆشەویستی شارەكەم ، كەركوكیانی هەمیشە سەربەرز …
سەرەتا دەمەوێت سوپاسی خەڵكی‌ تێكۆشەر و خۆڕاگری شاری كەركوكی خۆشەویست بكەم لە هەر شوێنێكی ئەم زەمینەدا دەژین ، كە هەمیشە بوێری و مەردایەتی پێناسەیان بووە.
سوپاسی خەڵكی بەئەمەك و دڵسۆز و دەنگدەرانی لیستی (ی.ن.ك) دەكەم كە سەرەڕای هەموو بارە سەخت و دژوارەكان، بوونەتە پشت و پەنا بۆ هێشتنەوەی كیانی نەتەوەییمان لە كەركوك و هەڵسانەوەی یەكێتی. ئاشكرایە لە هەردوو هەڵبژاردنی پێشوو بۆ خوولی سێیەم و چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران بەندە كاندیدی ئەو لیستە بووم ، خۆشبەختانە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ بەهیمەتی خەڵكی خۆشەویستی كەركوك و متمانە بەخشینیان توانیم لەڕیزبەندی دووەمی زۆرترین دەنگی لیستەكەبم لە كەركوك ، وە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨شدا بەبەدەستهێنانی ٦٤هەزار دەنگ ببمە براوەی یەكەم لەسەر ئاستی پارێزگای كەركوك و خاوەنی ڕیزبەندی چوارەم لە سەر ئاستی عێراق ، بۆ ئەو متمانەیەی كەركوكییەكان ناتوانم هیچ كات چاكەیان بدەمەوە و هەمیشە خۆم بەقەرزاریان دەزانم. بەڵام ئەوەی ویژدانی ئاسوودەكردووم، باش بەكارهێنانی متمانەی ئێوە و ئەو لێپرسراوییەتییەی سەر شانم بووە ، بەسەربەرزییەوە لەگەڵ هاورێكانم بەئامانەتەوە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی كەركوكییەكان بووینە و ڕۆژانە لەسەنگەری پووچەڵكردنەوەی پیلانی ناحەز و نەیارانی كەركوك و نەتەوەكەمان بووینە، وەك خۆتان دەزانن لەدوای ئەو بارە سەپێنراوەی سەر كەركوك، شۆڤێنییەكان بەردەوام لەبۆسەن بۆ جێبەجێكردنی پیلانە مەترسیدارەكانیان دژی ئایندەی كەركوك و گەلەكەمان ، بۆیە شەری ئەم قۆناغە سەختتر و قورستربوو لەجاران، لەگەڵ ئەوەی ھەمیشە بڕوای تەواوم بە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و ھاوبەشی كردنی ڕاستەقینە ھەیە لە ئیدارەدانی كەركوك و كردنی بەشارێكی نموونەیی ، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خاوەنی هەڵوێست و قسەی خۆمان بووینە لەسەر هەموو ئەو پرسانەی پەیوەندیان بە ژیان و گوزەرانی كەركوكییەكانەوە بووە.
بۆ بەرچاوڕوونی هەموولایەك لە بەرواری ٢٠٢١/١/٧ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركرایەتی ی.ن.ك/ كەركوك بەسەرپەرشتی هەڤاڵ باڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كە تایبەت بوو بە پرسی هەڵبژاردن و پەرلەمان ، پێشنیاری كاندیدبوونەوەم كرا ، بەڵام بەهەڤاڵانی ھاوسەرۆك و سەركردایەتیم ڕاگەیاند كە خۆم بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاندید ناكەمەوە و ئەمەش دوابڕیاری خۆمە. لەبەرامبەردا پێشنیاری ئەوەم كردووە كە یەك یان دوو نوێنەری كەركوك كاندید بكرێنەوە بۆئەوەی لە داهاتوودا ببنە ڕێ نیشاندەری هاوڕێكانیان لە كاروباری نوێنەرایەتیكردندا.
بەسوپاسەوە دوای ئەوەی لە لایەن هەڤاڵانی سەركردایەتییەوە شەرەفی ئەوەم پێ بەخشرا بكرێمە ئەندامی لیژنەی دیاریكرنی كاندیدەكانی یەكێتی لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، جارێكی دیكە و لەیەكەم كۆبوونەوەی لیژنەكە لە لایەن سەرۆكی لیژنەوە داوام لێكرا خۆم كاندید بكەمەوە ، بەڵام داوای لێبووردنم كردووە و پێم راگەیاندوون كە خۆم كاندید ناكەمەوە. لێرەشەوە هەمووان دڵنیا دەكەمەوە هەموو هەوڵێكی جددی دەدەین لە پێناو دیاریكردنی باشترین كاندیدە‌كان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كە لێهاتوویی و دەستپاكی پێوەری یەكەم بن لە هەڵبژاردنیاندا.
خۆ كاندید نەكردنیشم كۆتایی ڕێگاكە نیە و بۆ كەركوك بەردەوام دەبم لە كاری ڕێكخراوەیی و سیاسیدا لە پێناو دەستەبەركردنی سەقامگیری و ژیانێكی شایستە بۆ كەركوكییەكان و وەستانەوە دژی ئەوانەی چەندین ساڵە كەركوكیان بێبەش كردووە لە رەوتی پێشكەوتن و گەشەپێدان بۆئەوەی ڕووحی داهێنان و وزەی نوێكاری لە ناخی نەوەكانمان زیندەبەچاڵ بكەن.
براتان/ ڕێبوار تەھا
٢٠٢١/٤/٢٧