سەردێر

‎ئەو 6 هۆكارەی دەبنە هۆی لەرزینی ئۆتۆمبێل

خەڵك-
ڕەنگە بەردەوام شۆفێران پرسیاری ئەوەبكەن ئاخۆ بۆچی كاتێك ل ئۆتۆمبێل ڕادەگرن دەلەرزێت، زۆربەی كاتیش ئەو حاڵەتە نیگەرانی‌ و ڕاڕایی لای شۆفێران دروستدەكات.

وەك دەزانین ئۆتۆمبێل لەدوو سیستمی میكانیكی‌ و كارەبایی پەیوەست بەیەك پێكدێت، كێشە لەهەریەكێك لەو سیستمانە كێشە بۆ كاری ئۆتۆمبێلەكە دروستدەكات‌ و بەئاسانی هەست بەنیشانەكانی دەكرێت.

یەكێك لەو كێشانەی ڕوبەڕووی زۆرێك لەخاوەن ئۆتۆمبێلەكان دەبێتەوە، كێشەی لەرزینە لەكاتی وەستاندا، بەمانایەكی دیكە كاتێك ئۆتۆمبێلەكان لەترافیكێك یان لەشوێنێك دەوەستن، بەئاشكرا هەست بەلەرزینیان دەكرێت. هۆكارەكانی لەرزینی ئۆتۆمبێل لەكاتی وەستاندا زۆرە، لێرەدا چەند هۆیەكی باس دەكەین:

1- نەگونجان یان پیسی ڕۆن: زۆركات خەستی ڕۆن دەبێتە هۆی لەرزینی بزوێنەر، یان كاتێك ڕۆن زۆر پیسدەبێت هەمان نیشانە دروستدەكات، بۆیە پێویستە بەگوێرەی ئەو پلەیە ڕۆنی بزوێنەر هەڵبژێرین كە كۆمپانیای دروستكار ئاماژەی پێكردوە یان پرسیار لەكەسێكی شارەزا بكەین بۆ گونجاویی ڕۆنەكە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە سەرجەم شۆفێران ئاگاداری كاتی گۆڕینی ڕۆنی ئۆتۆمبێلەكانیان بن، لەبەرئەوەی ئەگەر ڕۆن لەڕادەی خۆی پیستربوو، ئەوا دەبێتە هۆی داخورانی بەشەكانی ناوەوەی مەكینە.

2- تێكچون یان قرتانی قوڵاغ: قوڵاغ ئەو پارچەیەیە كە بزوێنەری بەستۆتەوە بەلاشەی ئۆتۆمبێلەكە، بێگومان كە بزوێنەر بەهۆی كاركردنیەوە كەمێك لەرزینی هەر هەیە، بەهۆی ئەوەشی لەنێوان قوڵاغ‌و لاشەی ئۆتۆمبێل لاستیكێكی ئەستور هەیە، لەرزینی مەكینە ناگوێزرێتەوە بۆ لاشەی ئۆتۆمبێلەكە، بەڵام كاتێك قوڵاغ دەقرتێت یان لاستیكەكەی تێكدەچێت، ئەوا لەرزینەكە دەگوێزرێتەوە بۆ لاشەی ئۆتۆمبێلەكە.

3- لاوازی پاتری یان دینەمۆ: ئەمەش یەكێكی دیكەیە لەهۆكانی لەرزینی ئۆتۆمبێل، ئەگەر هەستت بەوەكرد لەكاتی داگیرساندنی لایتەكان یان سەرو خوار پێكردنی جامەكان لەرزینەكە زیادبوو، ئەوا كێشە لەپاتری یان دینەمۆكەتدایە، یان پاترییەكەت لاوازە (با تازەش بێت، لەوەیە وزەی كەمتربدات‌و ئەوەش پەیوەندی بەجۆرو قەبارەی پاتریەكانەوە هەیە)، یان دینەمۆكەت بەباشی كاری خۆی ناكات.

4- كێشەی پلاكەكان: زۆركات كۆنی پلاكەكان یان هەڵە بەستنیان، لەرزین دروستدەكەن، بۆ زانینی ئەوە ئۆتۆمبێلەكەت كارپێبكە، هەرجارەو پلاكێك دەربكە، ئەگەر هەستتكرد لەرزینی ئۆتۆمبێلەكە زیادیكرد، ئەوا ئەو پلاكە كێشەی نییەو كاردەكات، بەڵام ئەگەر لەرزینەكە زیادینەكرد ئەوا كێشە لەو پلاكەدا هەیە، بزانە كۆن بوە یان كورتەو بۆ ئەو بزوێنەرە نابێت، یان هەڵە دانراوە. بۆ زانینی شوێنی دروستی پلاكەكانیش یان تەماشای ئینتەرنێت بكە، یان پرسیار لەكەسێكی شارەزابكە، چونكە هەر بزوێنەرە و بەجۆرێكە.

5- كێشەی نۆزڵەكان: بەهەمانشێوەی پلاكەكان كار بەئۆتۆمبێلەكەت بكەو هەرجارەی سەری نۆزڵێك لێبكەرەوە، ئەگەر لەرزینەكە زیادبوو، ئەوا ئەو نۆزڵە كێشەی نییە، ئەگەر لەرزینەكە وەك خۆی بوو، ئەوا كێشەكە لەو نۆزڵەدایەو دەبێت پاكبكرێتەوە یان بزانرێت چ كێشەیەكی دیكەی هەیە.

6- تێكچونی پستۆنەكان: ئەگەر هیچ كام لەوخاڵانەی سەرەوە نەبوو كە ئۆتۆمبێلەكەت بلەرزێنێت، ئەوا كێشەكە لەناو بزوێنەرەكەدایە و پرسیار لەكەسی شارەزا بكە بۆ كردنەوە و چاككردنەوەی، بەمشێوەیەش ڕزگارت دەبێت لە لەرزینی ئۆتۆمبێلەكەت.