سەردێر

پارێزەران دژی لێبڕینی مووچە چوونە پاڵ دادوەرەكە

خەڵك-
ژمارەیەك لە پارێزەران هەڵوێستیان خستە پاڵ هەڵوێستی دادوەر (گۆران عبد الخالق بەرزنجی) و ئەو 60 دادوەرەی لێبڕینی مووچە بە نایاسایی دەزانن و جەختدەكەنەوە، ئەم لێبڕینی مووچەیە كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر كۆمەڵگا.

ئەو پارێزەرانە لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، ئاماژەیان بەوەكردووە، وەك پارێزەران پشتگیری لە هەڵوێستی ئەم دادوەرە و ئەم ٦٠ دادوەر و داواكاری گشتییە دەكەین و دەستخۆشیان لێدەكەین، كە بوونەتە پێشەنگ لە دواكردنی مافی ڕەوای مووچەخۆران ئێمەش وەك پارێزەران هەردەم لەكەڵ چینی بەشخوراو و مافخوراوان بوین و هۆكارێكیشین بۆ گەڕانەوەی ماف بۆ مافخوراوان بەپێی یاسا.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
ئێمەی پارێزەران وەك دادوەری وەستا(دادوەری بە پێوە- القڤا‌و الواقف ) كە ڕەگەزەكین لە رەگەزەكانی دادپەروەری وە دەستەبەری مافی بەرگری و داكۆكی دەكەین لەبەر ئەوەی بەرگری كردن مافیكی پیرۆزە بە پێی دەستور و یاساكان ، كە لە یاسای پارێزەرایەتی كوردستان ئاماژەی پێ كردووە.
ئێمەی پارێزەران كە لە خوارەوە ناومان هاتووە پشتگیری لە هەڵوێستی مرۆیی دادوەری بەرێز (گۆران عبد الخالق بەرزنجی ) دەكەین وە هەڵوێستەكەی بەرز دەنرخێنین ، سەبارەت بەوەی كە ڕایگەیاندووە لێبڕینی موچە نایاساییە.
كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نایاسایی بەردەوامە لە لێبرینی موچەی دادوەران و لێكۆڵەرەوانی دادوەری و یاریدەدەرانی دادوەری ومامۆستایان و دكتۆر و پێشمەرگە و پۆلیس و تەندروستاكاران وخانەنشین كە ئەم لێبڕینی موچەیە كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر كۆمەڵگا بەوەی كە تاوانی دزی و فرت و فێڵ رووی لە زیادیە.
ئێمەی پارێزەران ئەوە ڕایدەگەیەنین دادوەر گۆران بەرزنجی بەتەنها نی یە لەم هەڵوێستە وە دوای ئەوەی كە ( ٦٠ )دادوەر و داواكاری گشتی پشتگیریان كرد لە هەڵوێستە قارەمانیەكەی .
ئەوە ئێمەش وەك پارێزەران پشتگیری لە هەڵوێستی ئەم دادوەرە و ئەم ٦٠ دادوەر و داواكاری گشتی یە دەكەین و دەست خۆشیان لێدەكەین كە بوونەتە پێشەنگ لە دواكردنی مافی ڕەوای موچە خۆران ئێمەش وەك پارێزەران هەردەم لەكەڵ لە چینی بەش خورا و و ماف خوران بوینە هۆكارێكیشین بۆ گەڕانەوەی ماف بۆ ماف خواوان بەپێی یاسا .
وەهەروەها پشتگیری لە چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەین وە داواكارین یاسا سەروەر بێت تاوەكو داپەروەری كومەڵایەتی بێت دی و كۆتای بە لێبڕینی موچە بێت و كۆتایی بە پێدانی موچەی كەسانی بندیوار بهێنرێت و پێدانی دوو موچەی و سێ موچەی نەمێنێت كە بەپێی یاسا نابێت و قەدەغەیە.
وە هەروەها ئێمە پارێزەران پێشنیاری ئەوە بۆ حكومەت دەكەین كە هەر كەسێك كە وەك بەرێوەبەری گشتی یا بەرێوەبەری فەرمانگەیەكی حوكمی چوار ساڵ خزمەتی كرد لە وەزیفەی بەرێوەبەری گشتی یا لە بەرێوەبەر لابدرێت و بگوازرێتەوە چونكە مانەوەیان بۆ زیاتر لە چوار ساڵ ڕێگا خۆش دەكات بۆ گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و تاوانی بەرتیل و قۆستنەوەی پۆستەكەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و كەسی.
كۆمەڵێك پارێزەرانی كوردستان