سەردێر

خەڵك؛ شێوازی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن ئاشكرادەكات

خەڵك-
بەهۆی هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا دەرگای خوێندنگەكان بە داخراوی ماونەتەوە و بڕیارە بەم نزیكانە حكومەتی هەرێم بڕیاری نوێ‌ لەبارەی خوێندنەوە بدات و بەرپرسانی بواری پەروەردەش پێشنیاریان كردووە، دەوام و پڕۆسەی خوێندن بەشێوەی تەناوب و 3 ڕۆژ لە هەفتەیەكدا دەستپێبكاتەوە.

شێوازی دەوام و خوێندن چۆن دەبێت؟
عومەر محەمەد، جێگری بەرێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ڕاگەیاندووە، “پێشنیازمان كردووە بۆ وەزارەتی پەروەردە، كە دەوامی خوێندن بەشێوەی تەناوب و 3 ڕۆژ لە ھەفتەیەكدا دەستپێبكاتەوە، بەشێوەی ڕۆژ نا ڕۆژێك.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاندووە، وەزارەتی پەروەردە پێشنیارێكی نوێی ئاڕاستەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كردووە بۆ شێوازی خوێندنی ناو پۆ و چاوەڕێ دەكرێت لەم هەفتەیەدا بڕیار لەسەر پێشنیازەكە بدرێت .

نیاز ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی، لەگەڵئەوەدانین پڕۆسەی خوێندن بەشێوەی ئەلیكترۆنی بەردەوامبێت، بەڵكو داوایانكردووە، دەرگای خوێندنگەكان بكرێنەوە، بەجۆرێك بەڕێوەبەری پەروەردەكان خۆیان دەسەڵاتی تەواویان پێبدرێت، كە بەچ میكانیزمێك كاتی دەوام ڕێكدەخەن.

“خوێندنی ئەلیكترۆنی لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە”
موسلیم عەبدوڵا، جێگیری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەمیشە داكۆكیمان لەوە كردوو، كە پڕۆسەی خوێندن لەناو ناوەندەكانی خوێندن بەڕێوەبچێت، چونكە بەپێی ئەو سیستمە ئەلكترۆنیەی ئێستا هەیە، كە خوێندكاران درێژە بەو پڕۆسەیە دەدەن پێمانوایە سەركەوتوو نابێت.

نیاز ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، خوێندنی ئەلیكترۆنی بەهۆی نەبوونی كارەبای بەردەوام و كەمی هێڵەكانی ئینتەرنێت و بەردەستنەبوونی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی وەك مۆبایل و ئایپاد و كۆمپیوتەر، گرفت بۆ پڕۆسەكە دروستبووە.

باسی لەئەوەشكرد، لەدەرئەنجامی بەدواداچوونەكانیاندا دەركەوتووە پڕۆسەی خوێندن بەئەلیكترۆنی سەركەوتوو نەبووە و لێكەوتەی خراپیشی لێكەوتۆتەوە.

ئەوەشی باسكرد، بەهۆی خوێندنی ئەلیكترۆنییەوە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی خوێندكاران و مامۆستایان لەگەڵ قوتابخانەكەیاندا نامێنێت، بەكارهێنانی مۆبایل و ئایپاد و كۆمپیوتەر كاریگەری خراپ لەسەر چاوی منداڵ دروستدەكات، ناتوانرێت بەشێوەیەكی باش كۆنتڕۆڵی منداڵ بكرێت، كە ئەوكاتەی لەسەر هێڵە خەریكی چییە.

داوای كردنەوەی لانی كەمی دەوام بۆ پۆلی (1 و 2 و 3) دەكرێت
ئارام سەردار، ڕێنماییكاری پەروەردەیی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، گەر هەر بەنیازنین خوێندنگەكان بكەنەوە، تەنها پۆلی (یەك و دوو و سێ)ی بنەڕەتی بابێنەوە پۆلەكانیان و شتێك فێرببن.

نیاز ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەو خوێندكارانەی لەقۆناغەكانی سەرەتاییدان پێویستە لەقوتابخانە لەلایەن مامۆستای پسپۆڕەوە فێربكرێن، چونكە كەسوكاری خوێندكار ناتوانن هاوشێوەی مامۆستایان ئەو منداڵە فێربكەن.

فەرمانگە و بازاڕ جمەی دێت و خوێندن داخراوە؟!
ئارام سەردار، ڕێنماییكاری پەروەردەیی بۆ (خەڵك) دەشڵێت: “فەرمانگەكان لە یەك شەممە بۆ چوار شەممە دەوامی تێدایە و دیارە وەزعەكە باشە، ئەمن تێ ناگەم بەس خوێندكار و پەروەردە بەم شێوەیە فەرامۆش بكرێن و بەداخراوی بمێنێتەوە؟”.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت: “لە بەدووداچوونی مەیدانیم لەدوو شەوی ڕابردوودا بۆ ناو شاری هەولێر ناو بازاڕ و ڕیستۆرانت و كافێ و چایخانە و نێرگەلەخانەكان قەرەباڵغیەكی زۆر و تێكەڵاوییەكی زۆر هەیە بێ ڕەچاوكردنی ڕێنماییە تەندروستیەكان”.

دەشڵێت: “ئەمە بانێكە و دوو هەوایە و داخستنی دەرگای قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكان ئامانجێكی ڕوونی لەپشتەوەیە، كە نەوەی ئێستا سەرقاڵی خوێندن و فێر بوون نەبێت و كاتە زێڕینەكانی تەمەنی لەگەڵ سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت و شتی بێسوود بەسەربەرێت تا ئەم نەوەیە نەیپەرژێتە سەر پرسەكانی دادپەروەری و شەفافیەت و چاكسازی و داوای مافەكانی”.

حكومەتی هەرێم بڕیاری نوێ‌ دەدات
د. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و لەسەر بەردەوامیدان بە داخستنی دەرگای خوێندنگەكان یان کردنەوەی بڕیاری پێویست دەدەن.

وتیشی، “ئایندەی خوێندکاران لامان گرنگە و دەمانەوێت ئەمساڵی خوێندن نەفەوێت”.

لە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە خوێندنگای ئەلكترۆنی لە هەرێم دەستپێكردووە و بەپێی زانیارییەكانیش كەمترین مامۆستا و خوێندكار سەردانی ئەو خوێندنگایە دەكەن و پێشیانوایە ئەو جۆرە لە خوێندن سەركەوتوو نابێت و چەند خۆپیشاندانێكیش لەلایەن خوێندكارانەوە دژی ئەو بڕیارە ئەنجام دراوە.