سەردێر

ھێرشکردنەسەر تیمی رۆژنامەنووسان شەرمەزار دەکرێت

خەڵک-ئارام سەردار

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، ھێرشکردنەسەر تیمی رۆژنامەنووسان لەبەردەم پەڕلەمانی کوردستان شەرمەزار دەکات و جەخت دەکەنەوە ئەم جۆرە ھەڵسووکەوتانە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لەگەڵ میدیاکاران و پەیامنێران دوورە لە بنەماکانی یاسا بەرکارەکانی کاری میدیایی لە ھەرێمی کوردستان.

بەپێی ڕاگەیێندراوێکی ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان کەوێنەیەکی بۆ (خەڵک) نێردراوە تێیدا ئەوەی خستۆتەڕوو، ئەمڕۆ سێشەممە، رێککەوتی ٢٧ـی نیسانی ٢٠٢١، لە کاتی ڕووماڵ و گواستنەوەی ھەواڵدا، تیمی مەیدانی رۆژنامەنووسانی ژمارەیەک لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە بەردەم پەڕلەمانی کوردستان لە شاری ھەولێر و لەلایەن ژمارەیەک لە تیمی پاسەوانی تایبەتی پەڕلەمان ڕێگریان لێکرا ڕووماڵی کاری میدیایی بکەن.

دەشڵێن، ئێمە وەک ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، ھێرشکردن و ڕێگری کردن لە پەیامنێرانی کەناڵەکان بەتووندی شەرمەزار دەکەین، ئەم جۆرە ھەڵسووکەوتانە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لەگەڵ میدیاکاران و پەیامنێران دوورە لە بنەماکانی یاسا بەرکارەکانی کاری میدیایی لە ھەرێمی کوردستان.

ئەوەش دەخەنەڕوو، ڕێگری کردن ھێرشکردنە سەر پەیامنێران لەکاتی ئەرکەکانیاندا، خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، ئەم جۆرە ڕووداوانە، بەرتەسک کردنەوەی کاری ئازادی میدیایییەو ھاوکات خزمەت بە پڕۆسەی ئازادی لە ھەرێمی کوردستان ناکات.