سەردێر

ڕوونکردنەوە لەسەر دەستگیرکردنی ئەندامێکی پێشووی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەدرێت

سلێمانی – نزار جەزا

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لەبارەى دەستگیرکردنی فەرمانبەرێکیان بەهۆی فێڵکردنەوە ڕوونکردنەوەیدا و جەختی لەئەوەکردەوە، ئەو کەسە لەدەرەوەی دەوام کارەکەی کردووە و ئێستا ڕێکاری یاسایی و ئیداری لەبەرامبەر گیراوەتەبەر.

 

سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لەکۆنفڕانسیکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەدەزگایەکی ڕاگەیاندنەوە تۆمەتێکیان خستۆتە پاڵ لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و لیژنە هاوبەشەکان، گوایە کاڵا و خۆراکی بەسەرچوو دەکەنە شوێنکارەکان و دواتر بەڕێکەوتن پارە لەخاوەنکارەکە وەردەگرن، لەکاتێکدا ئەم تۆمەتە دوورە لەڕاستییەوە، بۆیە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو دەزگا ڕاگەیاندنە تۆماردەکەن.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، ڕاستی ڕووداوەکە بەو جۆرە بووە، کە سکاڵا لەسەر فەرمانبەرێکیان تۆمارکراوە، کە کارێکی لەو شێوەیەی کردووە، نەک لیژنەکانیان ئەوەی کردبێت، بۆیە ئەو کەسە دەستگیرکراوە و ڕێکاری یاسایی و ئیداری لەبەرامبەر گیراوەتەبەر و ئەگەر لەدادگا بەسەریدا ساغببێتەوە، ئەوە بەپێی یاسا ڕێکاری پێویستی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.

 

باسی لەئەوەشکرد، ئەو کەسە لەدەرەوەی دەوامی فەرمی ئەو کارانەى کردووە، و پێشتر ئەندامی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بووە و دواتر کە لەوێ نەماوە، بووەتە فەرمانبەر لەبەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی.

 

لەماوەی دە ڕۆژی یەکەمی ڕەمەزاندا لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی توانیویانە دوو هەزار و 814 سەردان بکەن، کە 211 سەرپێچییان تۆمارکردوە

 

هەر لەوماوەیەدا 145 ئاگادارکردنەوەیان نوسیوە، 34 شوێنیان داخستووە، پێنج شوێنیان داوە بەدادگا، 34 تۆن خۆراکیان لەناوبردووە، بڕی 15 ملیۆن و 625 هەزار دینار غەرامەیان نوسیوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەى چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەندامێکی پێشووی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی و فەرمانبەر لەبەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بەتۆمەتی فێڵکردن لەخەڵک دەستگیکرا.