سەردێر

كانی و كارێزەكانی شارباژێڕ وشكدەكەن

قائیمقامەكانی چوارتا و ماوەت لەسەر رێكخستنی ئاوی رووبارەكان كۆدەبنەوە

خەڵك

بەهۆی كەمی باران بارین و وشكەساڵییەوە سەرچاوە ئاوییەكانی سنووری شارباژێڕ بەرەو وشكبوون دەچن و قائیمقامی قەزای ماوەتیش دەڵێت ئەمساڵ ساڵێكی سەخت دەبێت و پێدەچێت مانگێكی دیكە گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەكانی سنوورەكە دروست ببێت.

كامەران حەسەن، قائیمقامی قەزای ماوەت بە(خەڵك) ی ڕاگەیاند، زۆربەی كانی و كارێزەكانی ماوەت بەرەو لەناوچوون دەچن بە تایبەت چەمی ماوەت – قەشان چارەكێكی پار ئەمكاتە ئاوی تێدایە .

دەشڵێت: ئەمڕۆ لەگەڵ چەند جوتیارێكی ناوچەكە گفتوگۆمان كردووەو سبەینێ‌ لەگەڵ قائیمقامی چوارتا كۆ دەبینەوە بۆ ڕێكخستنی ئاوی چەمەكان، كە كەمبوونەوەی ئاو گرفتی بۆ بەرهەمی جوتیاران دروستكردووە و پێدەچێت لە داهاتوودا گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەش دروستببێت.

“بۆچارەسەری گرفتی كەمئاوی پێویستە لەسەر ئاستی پارێزگا گفتوگۆ بكرێت”

قائیمقامی ماوەت ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ چارەسەری گرفتەكانی كەمئاوی پێویستە لەسەر ئاستی پارێزگا گفتوگۆ بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت پلانەكانی حكومەت چین و چ بودجەیەك تەرخانكراوە.

كامەران حەسەن دەڵێت: كێشەمان لەگەڵ چوارتا لەسەر ڕێكخستنی ئاوی چەمی ماوەت -قەشانە، چونكە لە لای ئەوانە لە ساڵانی ڕابردوو 400 بۆ 500 ترومپا دادەنرا و ئەمساڵیش مەلەوانگەیەكی لەسەرە و پێویستە هەوڵی كەمكردنەوەی زیانەكان بدەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، كەمترین بیرهەڵكەندن لەسنوورەكەدا هەیە بەراورد بە شوێنەكانی دیكە و كەمئاوی ئەمساڵیش پەیوەندی بە نەبارینی بارانەوە هەیە.

“مانگێكی دیكە گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەكان دروست دەبێت”

قائیمقامی ماوەت دەشڵێت، لە ئێستا گرفتی كەمئاوی بۆ گوندەكان دروست نەبووە، بەڵام پێدەچێت مانگێكی دیكە دروست ببێت، چونكە ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ئەوەی بارانی باشیش باریبوو بەڵام گرفتی كەمئاوی هەر دروست بوو چەندجارێك شوێنی وەرگرتنی ئاوەكەمان لە چەمەكەدا دەگۆڕی.

No description available.

No description available.

No description available.

No description available.