سەردێر

ئەڵمانیا هەڵمەتی پێدانی ڤاكسین بە پێگەیشتوان دەستپێدەكات

خەڵك
ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەى لە مانگی شەشدا هەڵمەتی پێدانی ڤاكسین بە سەرجەم پێگەیشتووان دەستپێدەكات، ئەمەش بە پشت بەستن بەوەی وڵاتەكە لە چارەكی كۆتایی ئەم ساڵدا 80 ملیۆن ژەمە ڤاكسینی ڕادەست دەكرێت.

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرمانڕەواكانی 16 ویلایەتەكەی ئەڵمانیادا، ئانگێلا مێركڵ ڕاوێژكاری ئەڵمانیا وتی ” بەپێی ژمارەی ئەو ڤاكسینانەی بەدەستمان دەگات، ئەو سیستمەی كە ئێستا بۆ پێدانی ڤاكسین پەیڕەو دەكرێت ( سیستمی پێدانی ڤاكسین تەنها بەو كەسانەی كە پێویستیانە و لاوازن ) لە مانگی شەشدا چیتر كاری پێناكرێت.”

ئەوەشی خستەڕوو ” ئەمە مانای ئەوە نیە هەمووان بتوانن بەزووترین كات ڤاكسین وەربگرن، بەڵام هەمووان دەتوانن كاتێك دیاریبكەن بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكە.”

هاوشێوەی وڵاتانی دیكەی یەكێتی ئەوروپا، هەڵمەتی پێدانی ڤاكسین لە ئەڵمانیا لە مانگی دوانزە بە خاوی دەستیپێكرد، ئەوەش بەهۆی كەمی ڤاكسینەكانەوە بوو، لە مانگی دوانزەوە تاوەكو كۆتایی مانگی سێ تەنها لە سەدا 10 ی دانیشتوانی وڵاتەكە ژەمی یەكەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرت، بەپێی ئەو سیستمەی پەیڕەو دەكرێت، تەنها كەسانی بە تەمەن و كارمەندانی تەندروستی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە.

بەڵام لەم هەفتانەی دواییدا هەڵمەتی پێدانی ڤاكسین لە ئەڵمانیا خێراتر بوو، بەرپرسانی وڵاتەكە دەڵێن لە سەدا 23. 4 ی دانیشتوانی وڵاتەكە لانی كەم ژەمی یەكەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە، هەروەها لە سەدا 7.2 ی دانیشتوانی وڵاتەكە هەردوو ژەمەكەیان وەرگرتووە.