سەردێر

گەرمیان.. ئاماری كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە

لە 7 ڕۆژدا 300 كەس تووش بوون

خەڵك
بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان دەڵێت ئاماری تووشبووان بە كۆرۆنا لە گەرمیان لە هەڵكشاندایە و لە ماوەی 7 ڕۆژی ڕابردوودا 11 كەس گیانیان لە دەستداوە.

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، ئامارەكانی كۆرۆنا لە گەرمیان لە هەڵكشاندان و ڕێژەی تووشبووان %10 ی سەرجەمی ئەو پشكنینانەیە كە ئەنجام دەدرێت، لەماوەی 7 ڕۆژی ڕابردوودا 11 كەس بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە.

“لەماوەی 7 ڕۆژدا 300 كەس تووشبوون”

وتیشی، هەر لەماوەی ئەو 7 ڕۆژەدا،300 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و لە هەموو 100 پشكنینێك 12 كەس توشبووە و ئەو كەسانەی تووشبوون سەرجەمیان كەسانی بەتەمەنن و گەنجیان تێدا نییە .

“وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن هاووڵاتیانەوە سستە”

ئاماژەی بەوەشكرد، وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن هاووڵاتیانەوە زۆر سستە كە لەكاتێكدا سەرجەم بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان بەكارمان هێناوە، هۆكارەكان بۆ نەبوونی متمانەی خەڵك و بڕیارنەدانیانە بەوەی ڤاكسینەكە وەربگرن.

وتیشی، لە 1ی ئەم مانگەوە تا ئێستا لە سنووری گەرمیان 2 هەزار و 160 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە و دووجۆری ئەسترازنیكا و سینۆفاڕما لە بنكەكانی وەرگرتنی ڤاكسیندا هەیە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان دەشڵێت، بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن هاووڵاتیانەوە زۆر كەمی كردووە و ئەگەر وا بڕوات تا كۆتایی ساڵ ناتوانین 10 هەزار كەس بكوتین.

“داوا لە هاووڵاتیان دەكەین خۆیان بپارێزن”

سیروان محەمەد، وتیشی، داوا لە هاووڵاتیان دەكەین لە پێناوی سەلامەتی تەندروستیان لە قەرەباڵغی دوور كەونەوەو خۆیان بپارێزن و ڤاكسینیش وەربگرن.