سەردێر

داهاتی فڕۆكەخانەی سلێمانی كەمی كردووە

خەڵك
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی دەڵێت بە هۆی كۆرۆناوە گەشتەكان كەمی كردووەو داهاتیش بە ڕێژەی %30 بۆ %35 كەمی كردووە.

تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت” بەهۆی كۆرۆناوە بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو داهاتی فڕۆكەخانە بەشێوەیەكی زۆر دابەزیووە و ژمارەی گەشتیاران و گەشتەكان كەمبۆتەوە، ئەگەر كۆمپانیایەك خشتەكەشی جێبەجێ بكات بەپڕی ناڕوات و بەپڕی نایەتەوە بۆیە داهاتی فڕۆكەخانە تا 30% بۆ 35% دابەزیووە بەبەراورد بەساڵانی پێشوو.

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وتیشی،” لەوكاتەی كە كۆرۆنا بڵاوبوویەوە لە هەموو دنیا و هەروەها لەعێراق و لە كوردستانیش وردە وردە كاریگەریە نەرێنیەكەی دەركەوت لەسەر بواری گەشتیاری و گواستنەوەی ئاسمانی وەكو هەر بوارێكی تری ناو كۆمەڵگە بەتایبەتی لە فڕۆكەخانەكان ڕێكاری پێویست وەرگیرا كە زۆركەس نەتوانێت سەفەری ئاسایی بكات بۆ وڵاتان.

تاهیر عەبدوڵا دەشڵێت، لە فڕۆكەخانەی سلێمانی لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ئەوە بوو كە عێراق هەموو ئاسمانی خۆی داخست بەڕووی گەشتەكاندا تەنها گەشتی ئەو فڕۆكانە نەبێت كە وەفدی كورد و عێراقی لەدەرەوە ئەویش بەڕێژەیەكی كەم بەڵام دوای كردنەوەی فڕۆكەخانەكان لە 1-8-2020 وردە وردە گەشتەكان دەستی پێكردەوە هەتا ئەمڕۆش گەشتەكان نەگەیشتونەتە باری ئاسایی خۆیان.”

“بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر نزیكەی55% بۆ 60% گەشتەكان دەستی پێكردۆتەوە “

وتیشی،” ئەگەر بەراورد بكەین لەگەڵ ساڵی 2016 و 2017 و 2018 هەروەها 2019 ش، دەتوانم بڵێم نزیكەی55% بۆ 60% گەشتەكان دەستی پێكردۆتەوە چونكە بەڕاستی ئێستا خەڵكانێكی كەم گەشت دەكەن بۆ دەرەوەی وڵات چ بۆ گەشتیاری بێت یان بۆ هەر بابەتێكی تر بێت بێجگە لەوانەی كە ئیقامەیان هەیە لە دەرەوە یان كاری بازرگانی دەكەن یان بۆ نەخۆشی دەچن بۆ دەرەوە بەڵام بۆ بواری گەشتیاری دەتوانم بڵێم وەكو جاران فڕۆكە ناڕواتە دەرەوەی عێراق.”