سەردێر

میسر رێوشوێنەكانی بۆ رێگری كۆرۆنا توند كردەوە

سزادانی سەرپێچیكاران دەستیپێكرد

خەڵك-

فەرمانڕەوایانی میسر هەڵمەتی سزادانی سەرپێچیكارانی بڕیار و رێنماییەكانی تایبەت بە خۆپارێزی لە كۆرۆنایان دەستپێكرد، ئەمەش هاوكاتی بەرزبوونەوەی ئامارەكانی كۆرۆنا لە هەندێك وڵاتی جیهاندا.

وەزارەتی ناوخۆ رێوشوێنەكانی دەستپێكردووە لە دژی ئەوانەی پابەندی رێنمایی و بڕیارەكان نابن كە بۆ پارێزگاری لە كۆرۆنا سەپێندراون.

هەفتەی رابردووش هەڵمەتێك لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە ئاسایشییەكان لە سەر ئاستی پارێزگاكان دەستیپێكرد بەتایبەت لە بازاڕەكان و هۆكارەكانی گواستنەوە و گەیاندن بۆ دڵنیابوون لە رێوشوێنەكانی خۆ پارێزی و سزادانی سەرپێچیكاران.

وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتیان دەكات لە شوێنە گشتییەكان و هۆكارەكانی گواستنەوە دەمامك ببەسترێت و دووكان و شوێنە بازرگانییەكانیش لە وادەی دیاریكراودا دابخرێن، چاودێری بازاڕ و كارگەكانیش دەكرێت لە دروستكردنی كەرەستەكانی خۆپارێزی وەك دەمامك و پاككەرەوە.