سەردێر

وردەكارى كۆبوونەوەكەی نێوان فوئاد حسێن و جەواد زەریف ئاشكرا دەكرێت

 

خەڵك-

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ “محەمەد جەواد زەریف” وەوزیری دەرەوەی ئێران، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەمانەوێت پەیوەندییەكی پتەومان لەگەڵ ئێران هەبێت، ئاماژەی بەوەش كرد، عێراق بەوردی چاودێری دانوستانەكانی ئەمەریكا و ئێران لە ڤیەننا دەكات و دەیەوێت سەرجەم كێشەكانی ناوچەكە بە دیالۆگ چارەسەر بێت.

فوئاد حوسێن وتی: “بنچینەی سیاسەتی عێراق لە دەرەوە بنیاتنانی پەیوەندییەكی هاوسەنگە لەگەڵ هەمووان، كار بۆ ئەوە دەكەین، دۆخە بەسەقامگیری بمێنێتەوە، بنیاتنانی پەیوەندییەكانیش لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی هاوبەش دەبێت، وا بكات ناوچەكە خۆی خاوەن بڕیاری خۆی بێت، هەماهەنگیش لەپێناو سەقامگیری ناوچەكە لەگەڵ وڵاتانی دیكه گرنگە‌، بەو واتایەی بەرژەوەندی عێراق لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی دیكە بێت”.

وتیشی: “پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە سەرجەم دۆسییەكان تاووتوێ كردووە‌، دانووستانی ئێران و ئەمەریكا لە ڤیەننا دەستی پێكردووە، چاودێری ئەو دانووستانە دەكەین و هیوادارین پێشكەوتنی بەرچاو بێتە دی”.

وەزیری دەرەوەی عێراق روونیكردەوە، “باسمان لەپەیوەندییەكانمان لە بواری بازرگانی كردووە لەگەڵ لایەنی ئێرانی، هەندێك كێشە هەن، پێوستە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، پەرە بە بازرگانی نێوانمان دەدەین”. روونیشكردەوە، “باسی پەیوەندییەكانی ئێران و وڵاتانی كەنداو كرا، رۆڵی عێراق لەو چوارچێوەیەدا هەڵسەنگێدرا”. محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكە گوتی: “گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ “فوئاد حوسێن” وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجام دا، بۆ ئەو میواندارییە گەرمە سوپاسی دەكەین، ئێمە رۆڵی عێراق بە باشی لە ناوچەكە دەبینین، رۆڵێكی میحوەری هەیە، ئەو رۆڵەی عێراق هەنگاوێكی باشە لە ناوچەكە، بۆیە ئێمە سوپاسی ئەو هەوڵوێستانەی عێراق دەكەین”.

وتیشی: “بێگانەكان لێرە نامێننەوە، بەڵام ئێمە دەمێنێنەوە، بۆیە دەبێت رێزی زیاتری یەكتر بگرین، لەسەرجەم بوارەكانی دیكە كێشەكانمان چارەسەر بكەین”.

سەبارەت بە دانووستانەكانی ئێران و ئەمەریكا “زەریف” روونیكردەوە، “هەنگاوی باش لەم رووەوە نراوە و بەرەو پێشچوون هەیە، هیوادارین ئیدارەی نوێی ئەمەریكا سیاسەتێكی گونجاو پەیڕەو بكات، بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا بگەینە ئەوەی هەموو لایەك بەڵێنەكانی خۆی بباتە‌سەر”. روونیشكردەوە، “ئێمە پەیوەندی باش و پتەومان لەگەڵ عێراق هەیە، كە جێگە نیاز و ویستی هەردوو وڵاتەكە و ناوچەكەشە بە گشتی”، باسی لەوەش كرد، لە زۆر بواردا پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق پتەوە، بە تایبەتی لە رووی بازرگانی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”. بڕیار زەریف دوای دیداری لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق و سەردانیكردنی بۆ نەجەف، به ‌سەردانێك بێتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.