سەردێر

سەرۆك كۆمار بۆ جەواد زەریف: سەقامگیری و سەروەریی عێراق گرنگە

 

خەڵك-

لەمیانی پێشوازیكردنی لە وەزیری دەرەوەی ئێران، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق ڕایگەیاند، پاراستنی سەقامگیری و سەروەری عێراق بنەمایەكی گرنگە بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە تەواوی ناوچەكەدا، هەروەك عێراق بە پەیوەندییە هاوسەنگەكانی پشتیوانی دەكات لە كەمكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و لە دیدارەكەدا كە فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئامادەی بوو بەگرنگییەوە باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ كرا، كە پەیوەندییەكی گرنگ و قووڵە هەردوو وڵات بەیەكەوە دەبەستێتەوە لە بوارەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و ئاینی و رۆشنبیری و جوگرافی، ھەروەك چۆن لێكتێگەشتنی هاوبەشە كە هەردوو گەلی دۆست بەیەكەوە گرێ دەدات، تەئكیدیش كرایەوە ئەم پەیوەندییە بەھێزە سودی بۆ هەردوو وڵات و تەواوی ناوچەكە دەبێت.

هەر لەو دیدارەدا دووپاتكرایەوە لەگرنگی بەھێزكردنی هاریكاری دووقۆڵی و بەكارخستنی رێككەوتننامە و لێكتێگەشتنەكان كە رێككەوتنی لە بارەوە كراوە لە بوارە جیاجیاكان.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك بەرهەم جەختیكردەوە كە سیاسەتی كرانەوە كە عێراق كاری لەسەر دەكات لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی ئامانج لێی بونیادنانی پەیوەندییەكی هاوسەنگە، ھاوكات پاڵپشتییەكی گرنگیشە لە هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی گرژی و قەیرانەكان، راشیگەیاند پاراستنی سەقامگیری و سەروەری عێراق بنەمایەكی گرنگە بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە تەواوی ناوچەكەدا، ھەروەك سەكۆیەكە بۆ ھێنانەكایەوەی سیستەمێكی كاری جددی بە ئاڕاستەی ھێنانەدی ئاسایش و ئارامی و پەرەپێدانی ئابووری و پاراستنی ژینگە و دەرفەتی گەشەپێدانی هاوبەش، بەجۆرێك خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەكانی وڵاتان و تەواوی گەلانی ناوچەكە بكات.

 

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بەوەی وڵاتانی ناوچەكە رووبەڕووی چەندین كێشە و ئاڵنگاری بووەتەوە، بۆیە پێویستە كار و هەماهەنگی هاوبەش و دیالۆگی جددی بكرێت لە پێناو تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و كۆتایی هێنان بە ململانێ و گرژییەكان و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابووری و تەندروستییەكان لە چوارچێوەی رێزگرتن لەیەكدی و بەرژوەندی هاوبەش و پاراستنی سەروەری وڵاتان.

 

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران سڵاو و رێزی حەسەن رۆحانی، سەرۆكی ئێرانی گەیاندە سەرۆك بەرهەم، هەروەها ماتەمینی سەرۆكی ئێرانی بۆ كارەساتی ئاگركەوتنەوەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب گەیاندە گەلی عێراق و هیوای خواست گەلی عێراق ھەمیشە لە ئارامی و ئاشتی دا بێت، جەواد زەریف پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ پارێزگاری لە سەقامگیری و سەروەری عێراق و بەهێزكردنی پەیوەندییە ھاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دووپاتكردەوە.

 

لە كۆتایی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار سڵاوی خۆی لە رێگەی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاڕاستەی سەرۆك حەسەن رۆحانی و گەلی ئێران كرد و هیوای خۆشگوزەرانی و ئارامی زیاتری بۆ گەلی ئێران خواست.