سەردێر

تا كۆتایی ئەمساڵ %20 ی هاووڵاتیان ڤاكسین وەردەگرن

خەڵك-ئارام سەردار
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە تاكۆتایی ئەمساڵ دەبێت لە ٢٠٪ ی خەڵكی عیراق و هەرێم ڤاكسین وەربگرن، دەشڵێت تا ئێستا 40 هەزار كەس ناویان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین تۆمار كردووە.

د.سەرهەنگ جەلال، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی هەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاوەكو ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار كەس ڤاكسینی دژی كۆرۆنایان وەرگرتووە، زیاتر لە ٤٠ هەزار كەس خۆیان تۆماركردووە بۆ وەگرتنی ڤاكسین كە بەشێكیان ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە.

دەشڵێت، تۆماركردنی ناو بەردەوامە و ڕۆژانە ژمارەی ئەوكەسانەی خۆیان تۆمار دەكەن زیاد دەكات، دوێنێش بەشێكی تر لەڤاكسینی فایزەر گەیشتە هەرێمی كوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو گرێبەستەی حكومەتی عیراق بۆ دابینكردنی ڤاكسین كردویەتی، تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ هاتنی ڤاكسین بەردەوام دەبێت، چونكە بەپێی ئەو پلانەی دانراوە تاكۆتایی ئەمساڵ دەبێت لە ٢٠٪ ی خەڵكی عیراق و هەرێم ڤاكسین وەربگرن، بۆیە لەداهاتوویەكی نزیك بەشێكی تر لەڤاكسینی ئەسترا زێنیكا و سینۆفاڕما دەگاتە هەرێم.