سەردێر

لایەنە كوردییەكانی كەركوك، داوا دەكەن هەڵبژاردن لە كەركوك نەكرێت

خەڵك-

بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، دۆخی كەركوك زیاتر بەرەو نائارامی دەڕوات و بووەتە هەڕەشە لەسەر هاووڵاتیان.

دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 دۆخی ئەمنی كەركوك نائارامە و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش داوا دەكەن دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە و ئاسایشی شارەكە بدرێتەوە دەست هێزە ئەمنییەكانی شارەكە و بە ڕێكەوتن بەڕێوەبچێت ئەوكات هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

حەسەن شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، وەكو حزبە كوردستانییەكان چەندینجار داوامان كردووە تاكو دۆخی كەركوك تەواو ئاسایی نەكرێتەوە و پارێزگارێك بۆ كەركوك دانەنرێت با هەڵبژاردن نەكرێت، بەڵام لایەنی بەغدا و لایەنەكانی تر گوێ بەم داواكارییە نادەن و دەیانەوێ ئەم دۆخەی ئێستا بكەنە ئەمری واقیع و بڵێن ئەمە دۆخێكی تازەیە و دەبێت كورد مامەڵەی لەگەڵدا بكات.

وتیشی”ئەو حاڵەتە سەربازییەی لە كەركوك هەیە بووەتە هۆكاری هەڕەشە بۆ هاوڵاتیانی كورد”.

ئاشكراشیكرد، حزبە كوردستانییەكان ناكۆكن و بەشێكیان كەركوك بە داگیركراو دەزانن و بەشێكی دیكەشیان دەڵێن حكومەتی عێراق هاتووە وەكو موسڵ و بەسرەو دەتوانێت لێرە بێت، دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، لەبەرئەوە ناتەبایی ناو ماڵی كورد وایكردووە نەیارانی كورد یەكڕیز بن و ئەمەش جێگای داخە كورد بەو شێوەیە مامەڵە دەكات لەگەڵ ئەم دۆخە هەستیارانەدا.