سەردێر

122 پارت بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆمار كراون

خەڵك
تا ئێستا ١٢٢ پارت بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوختە كە چاوەڕوان دەكرێت لە ١٠ی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، خۆیان تۆماركردووە.

لە راگەیەنراوێكدا كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاندووە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە وەك كاندید خۆیان تۆماركردووە، گەیشتووەتە ٨٤٧ كەس و ئاماژەی بەوەیشداوە كە ھەروەها تا ئێستا ١٢٢ پارت بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، خۆیان تۆماركردووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆی ٣٣ هاوپەیمانیی كە لای كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، خۆیان تۆماركردووە ١٣یان خواستی خۆیان نیشانداوە سەبارەت بە بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا.

ئەمە لە كاتێكدایە، لە یەكی مانگی داهاتوودا وادەی تۆماركردنی كاندید، پارت و هاوپەیمانییەكان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە كۆتایی دێت.

چاوەڕوان دەكرێت هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت كە تیایدا ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییكردنیان لە پڕۆسەكەدا هەیە.