سەردێر

لە سلێمانی زەنگی كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە لێدەدرێت

خەڵك
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هۆشداری لە كەمبوونەوەی ئاوی پڕۆژەی ئاوی سەرچنار دەدات و داوا لە هاووڵاتیان دەكات لە ئێستاوە دەست بە ئاوەوە بگرن و بەفیڕۆی نەدەن، هێشتا دیار نیە، چەند ڕۆژ جارێك ئاو دەدرێتە هاووڵاتیان.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كەمی باران بارین لەمساڵدا كاریگەری ڕاستەوخۆی كردۆتە سەر سەرچاوەكانی دابینكردنی ئاوی ماڵان بۆ پارێزگای سلێمانی.

وتیشی، “هێشتا لە سنوری سلێمانی بەرنامەی نوێی پێدانی ئاو بە ماڵان جێبەجێ‌ نەكراوە، زۆربەی گەڕەكەكان وەك ڕۆژانی پێشوو دوو ڕۆژ ئاو نادرێت و ڕۆژی سێهەم دەدرێت، كە ئەمە بەرنامە كۆنەكەیە و هێشتا ڕوون نیە بەرنامەی نوێ چۆن دەبێت”.

ڕاشیگەیاند، جگە لە كەمبوونەوەی ئاوی سەرچاوەكان بە هۆی كەمی باران بارینی ئەمساڵ، بێ توانایی وێستەگەكانی یەك و دوو، كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەی زیاتر هەیە و بە فیرۆدانێكی زۆری ئاو هۆكارن بۆ كەمبوونەوەی ئاوی ماڵان، هەر وەك ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی قسەی لەسەر كرد.

ئاشكراشیكرد، بەهۆی كەمی بارانەوە ئەمساڵ لەهەموو هەرێم كێشەی ئاو دروست دەبێت، بۆیە داوامان لە هاووڵاتیان ئەوەیە، كە دەست بە ئاوەوە بگرن و بەفیڕۆی نەدەن.