سەردێر

پەروەردە مەرجەكانی كردنەوەی خوێندنگەكان و شێوازی دەوامی ئاشكراكرد

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی مەرجەكانی تەندروستی بۆ كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان ئاشكرادەكات و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی شێواز و كاتی كردنەوەی دەوام ڕووندەكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی لە زاری د.ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بڵاویكردۆتەوە، پێشنیاز هەیە بۆ كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان بەشێوەی دوو ڕۆژ لە هەفتەیەكدا و بەتەناوب، بەڵام لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدات، كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا كۆببنەوە.

سەبارەت بە مەرجەكانی تەندروستی بۆ پەروەردە وتویەتی، “مەرجەكانیان ئەوەیە ژمارەی خوێندكاران لەهەر پۆلێكدا بۆ ١٥-٢٠ خوێندكار كەمبكرێتەوە، رێنماییە تەندروستییەكان و خۆپارێزی و بەستنی ماسك جێبەجێ بكرێن”.

پێشتریش، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، وەزارەتی پەروەردە پێشنیارێكی نوێی ئاڕاستەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كردووە بۆ شێوازی خوێندنی ناو پۆ و چاوەڕێ دەكرێت لەم هەفتەیەدا بڕیار لەسەر پێشنیازەكە بدرێت .