سەردێر

بەرپرسێك لە سلێمانی چەند پێشنیارێك بۆ هەرزان كردنی نرخی بەنزین ڕادەگەیەنێت

سلێمانی – نزار جەزا
نرخی بەنزین زیادیكردووە و هیچ هەوڵێكیش بۆ دابەزاندنەوەی نرخەكەی نییە، لەكاتێكدا لەسلێمانی دوو پاڵاوتگەی حكومی هەیە، بەڵام لەسوودی هاووڵاتییان بەكارناهێنرێت، سەرۆكی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی-ش چەند پێشنیارێك بۆ هەرزان كردنی نرخی بەنزین دەخاتەڕوو.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، حكومەتی هەرێم دەتوانێت نەوتی خاو بداتە پاڵاوتگە حكومییەكان و بەرهەمەكەی بۆ ناوخۆ بێت، بەڵام ئەو سیاسەتەی حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەیەتی هیچی لەبەرژەوەندی خەڵك نییە، بەڵكو لەبەرژەوەندی كۆمەڵێك كەس و گروپ و كۆمپانیادایە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، تاكو ئێستا هیچ هەوڵێك نییە، بۆئەوەی بەرهەمی ناوخۆ لەخزمەتی هاووڵاتییاندا بەكاربهێنرێت، بەڵكو تەنها لەبەرژەوەندی گیرفانی چەند كەسێكە.

باسی لەئەوەشكرد، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەستە بەبەهای نەوت لەجیهاندا و بەهای دۆلار، كە ئەمانە دەرەكین و كۆنتڕۆڵ ناكرێن، بەڵام چەند هۆكارێكی دیكە هەن، كە كۆنتڕۆڵ دەكرێن، بۆ نمونە هەر تەنكەرێكی سووتەمەنی لەدەروازەكان بێتە خاكی هەرێمەوە نزیكی ملیۆنێك دیناری لێوەردەگیرێت، لەكاتێكدا لەپێش مانگی ئادار نزیكی ٦٠٠ هەزار دیناربووە، لەكاتێكدا پێویست نییە ئەم پارەیە وەربگیرێت، بەڵام بڕیارەكە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە دەرچووە و جێبەجێدەكرێت.

زیاتر ڕوونیكردەوە، وێستگەكانی سووتەمەنی قازانجێكی زۆر وەردەگرن، هیچ بڕیارێكیش بۆ چاودێریكردنی نرخی سووتەمەنی نییە، بۆیە تا چاودێری نرخی بەنزین نەكرێت، كارئاسانی بۆ هێنانی سووتەمەنی نەكرێت، بڕی پارەی ناپێویست لەدەروازەكان كەمنەكرێتەوە، نرخی بەنزین دانابەزێت و بەرزیش دەبێتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان دەتوانێت سوود لەپاڵاوتگەكانی ناوخۆ وەربگرێت نەك لەدەرەوە بیهێنێت.

وتیشی، “وێستگەیەكی سووتەمەنی لەسلێمانی نرخەكەی ٥٠٠ هەزار بۆ ملیۆنێك دۆلارە، كەواتە ئەگەر قازانجێكی زۆر نەكەن، چۆن بەهاكەی دەگاتە ئەو نرخە، قازانجەكەیان هێندە زۆرە، ئەگەر پێیان بكرێت هەموو سلێمانی دەكەنە وێستگەی سووتەمەنی، بۆیە پێویستە سنوورێك بۆ ئەمە دابنرێت”.

ئەوەشی وت: “حزبەكان بارگرانین بۆ هاووڵاتییان، ئەگەر حزب واز لەهاووڵاتی بێنێت، هاووڵاتیان خۆشگوزەران دەبن، بەڵام كۆمپانیا حزبییەكان، وایانكردووە ئەم دۆخە دروستبێت، باشترین چاكەی حزبەكان بۆ هاووڵاتییان بیكەن ئەوەیە، دەستی بەناو كۆمپانیاكان و كەسە مافیاكان لەداهاتی ئەم هەرێمە دووربخەنەوە”.

ئەوەشی باسكرد، ئاستی ناڕەزایەتی هاووڵاتییان زۆر زۆرە، وەك نوێنەرانی خەڵكیش دەنگیان دلێربووە، بەڵام كۆمەڵیك بڕیاری سەقەت لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە دەرچوون، بۆیە پێویستە لەپەڕلەمانی كوردستانیشەوە هەڵوێستەكان زیاتربن و لەو خەوە ڕاچڵەكێت، چونكە ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتیان سنووردارە.

دەشڵێت: لەم دۆخەدا حكومەتی هەرێم نەك هاوكار و چارەسازنییە، بەڵكو خۆی بەهۆی بڕیارەكانیەوە ڕێخۆشكەربووە بۆ گرانبوونی نرخی بەنزین، چونكە بڕی پارەی زیاد لەدەروازەكانەوە وەردەگرێت، ڕێژەی ئۆكتانی بەرزكردۆتەوە، سووتەمەنی قۆرخكراوە بۆ ژمارەیەك كۆمپانیای نزیك لەحزبەكان و بەرپرسانی حزبی.

گران بوونی نرخی بەنزین لە بەنزینخانەكانی هەرێم و بەتایبەتی سنووری پارێزگای سلێمانی كاردانەوەی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە بە تایبەتی، كە بەرپرسانی حكومەت هیچ هەڵوێستێكیان نییە.

لە ماوەی ڕابردوودا بە چەند قۆناغێك نرخی بەنزین گران كراوە و ئەوەش ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێ‌ كەوتۆتەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زەنگی “هەڵمەتی خۆپیشاندان و بایكۆت كردنی بەنزین” لێدەدەن و دەشڵێن: “حكومەت بە لێبڕینەوە مووچە دەدات و نرخی دیناریش 25%ی بەهاكەی لەدەستداوە كە ئەوەش وەكو ئەوەیە نیو مووچە بدرێت و نرخی هەموو شتێك گران كراوە و حكومەتیش باكی نییە و سنوورێك بۆ ئەو هەموو قۆرخكارییە دانانێت”.

لەئێستادا نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بەرزكراوەتەوە بۆ 650 دینار و موحەسەن بۆ 700 دینار و سوپەر بۆ 800 دینار، ئەمە لەكاتێكدایە لە عیراق لیترێك بەنزین بە 450 دینارە، بەڵام حكومەتی هەرێم داوای بودجە لە عیراق دەكات و خۆی بە بەشێك لەو عیراقە دەزانێت، بەڵام بۆ نرخی سووتەمەنی و دابەشكردنی مووچە خۆی لەو عیراقە بێ‌ بەری دەكات.