سەردێر

ڕەشەبا و خۆڵبارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەری شەپۆلێكی باران و هەورەتریشقە و بەهۆی زیادبوونی خێرایی باوە (ڕەشەبا) خۆڵبارین ڕوودەدات.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سووری عەرەب لە دوانیوەرۆی ڕۆژی دوو شەممە ٢٦-٤ شەپۆلێکی لاوازی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم دەگرێتەوە و بەتایبەت لە ڕۆژی سێ شەممەدا ٢٧-٤ کاریگەری زیاتر ئەبێت بە شێوەی تاوە باران و ڕوودانی ھەورەتریشقەی زۆر و توند لەناوچە شاخاوییەکاندا.

ڕاشیگەیاند، ڕێژەی بارانبارینەکە لەناوچە نزمەکانی سەنتەری پارێزگای ھەولێر و دھۆک و کەرکوک و سنوری ئیدارەی گەرمیان زیاتر نمە باران ئەبێت و لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و سنوری ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاوییەکانی ھەرێم بەگشتی ڕێژەکە باشتر ئەبێت لەنێوان ٢ تا ٥ ملیمەتر ئەگەری بارانبارین ئەبێت .

ئاماژەی بەوەشكرد، نزمبوونەوە لە پلەکانی گەرمی ڕووئەدات بە تێکرای ٣ بۆ ٤ پلەی سیلیزی و خێرایی با لە ئاڕاستەی باشورەوە تا ڕادەیەکی توند لە نیوەڕۆ بۆ کاتی ئێوارەی ڕۆژی دوو شەممە ٢٦-٤ چالاک ئەبێت بەخێرایی ٢٥ بۆ٤٥ کیلۆمەتر زیاتر لە کاتژمێرێکدا و ئەبێتە ھۆی بەزبوونەوەی تۆز و خۆڵ و بڵاوبوونەوەی بە ھەوادا .