سەردێر

حكومەتی عیراق سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند

خەڵك-
سەرۆك وەزیرانی عێراق 3 ڕۆژ ماتەمینی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگەیاند و قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی ڕوداوەكەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب دەكاتەوە، دەشڵێت: “ئەوەی ڕوویداوە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە هەیە”.

حكومەتی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران مستەفا كازمی بڕیاریدا 3 ڕۆژ ماتەمینی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕابگەیەنێت و بڕی 10 ملیۆن دیناری وەك قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوەكەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب تەرخان كرد.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم جۆرە ڕووداوانە بەڵگەن بۆ هەبوونی كەمتەرخەمی، هەر بۆیە دەستبەجێ بڕیاری لێكۆڵینەوە دراوە و بەڕێوبەری نەخۆشخانەكە و بەڕێوبەری ئاسایش و ئەوانەش، كە پەیوەندییان بە پارێزراوی نەخۆشخانەكەوە هەیە، دەكەونە ژێر لێكۆڵینەوەیەكی وردەوە تا ئەو كاتەی لێكۆڵینەوەكان دەریدەخەن، كەمتەرخەمەكان كێن و ئەوجا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

ئاشكراشی كردووە، لیژنەی تایبەتمەند پێكهێنراوە تا لەماوەی 5 ڕۆژدا لێكۆڵێنەوەی تەواو لەسەر ڕووداوەكە بكرێت، بۆیە فەرامۆش كردن و كەمتەرخەمی لەم جۆرە دۆسێیانەدا هەر تەنها هەڵەیەك نییە، بەڵكو تاوانێكە و دەبێت ئەوانەی كەمتەرخەمن، باجەكەی بدەن.