سەردێر

عەبدولستار مەجید: سزا بۆ فەرمانبەر هەیە, بەڵام بۆ ئەوانەی بەدەڕەوشتی دەكەن نییە

خەڵك-ئارام سەردار
سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵات و حكومەت بەرپرسیاری یەكەمی ئەو گەندەڵی و خراپەكاری و بەدڕەوشتی و پاشا گەردانیەیە، كە لەهەرێمی كوردستان دەگوزەرێت.

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویداوە لەكوردستان دەپرسین كێ بەرپرسە لەو پاشاگەردانیەی دەگوزەرێت بەتێپەڕاندنی سنورەكانی ئاداب و ئایین و كلتووری بەرزی كوردی؟، سەیر دەكەین ئەو هەموو كوشتنە ڕوودەدات پیاو ژن دەكوژێت و بەپێچەوانەوە، باوك كوڕ و كچی دەكوژێت یان خۆیان دەكوژن، دەبینرێت قۆرئان دەدڕێندرێت وفڕێ دەدرێتە سەر شەقامەكان، یان سەما دەكەن لەم مانگە پیرۆزە گاڵتە بەهەستی موسڵمانان دەكرێت.

دەشڵێت: “دەسەڵات و حكومەت بەرپرسیاری یەكەمی ئەو گەندەڵی و خراپەكاری و بەدڕەوشتی و پاشاگەردانیەیە، لەكاتێكدا سەیری سەرۆكی وڵاتێكی ناموسڵمانی وەك كەنەدا بكەن بەخێزانەوە ڕێز لە موسڵمانان دەگرن، قەوارەی جولەكە گڵۆپ لەو كۆڵانانە هەڵدەواسێت، كە بەرەومزگەوتەكان دەچن، چونكە تاریك بوون، دەپرسین هەڵوێستی بەرپرسانی وڵاتێكی موسڵمان دەبێت چی بێت بەرامبەر پێشێلكردنی یاسای ئادابی گشتی، كە دەكرێت؟”.

ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵات بەشدارە لەم تاوانانە تاوەكو خەڵك لەبارەی گەندەڵی گەورە و لێبڕینی مووچە سەرنجی لابچێت، چونكە گەر خەمساردی دەسەڵات نەبێت بۆچی فەرمانبەرێك دوابكەوێت ئیجرائاتی بەرامبەر دەكرێت، بەڵام ئیجرائات بەرامبەر ئەو كەسانە ناكرێت، كە تاوانی لەم شێوەیە ئەنجام دەدەن.