سەردێر

لیژنەی پەروەردە: بڕیاری خوێندن لای لیژنەی باڵای كۆرۆنایە

خەڵك-

جێگری لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت، چەندین بۆچوون هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن.

لە 17ی ئەم مانگە قوتابخانەی ئەلیكترۆنی لە هەرێم دەستپێكردووەو بەپێی زانیارییەكانیش كەمترین مامۆستا و خوێندكار سەردانی ئەو قوتابخانەیە دەكەن و پێشیانوایە ئەو جۆرە لە خوێندن سەركەوتوو نابێت و چەند خۆپیشاندانێكیش لەلایەن خوێندكارانەوە دژی ئەو بریارە ئەنجام دراوە.

موسلیم عەبدوڵلا جێگیری لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەمیشە داكۆكیمان لەوە كردووەتەوە كە پڕۆسەی خوێندن لەناو ناوەندەكانی خوێندن بەڕێوەبچێت، چونكە بەپێی ئەو سیستەمە ئەلیكترۆنیەی ئێستا هەیە، كە خوێندكاران درێژە بەو پڕۆسەیە دەدەن پێمانوایە سەركەوتوو نابێت.
وتیشی”بەدواداچوونمان كردووە، خوێندكاران لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم سوود لە پڕۆسەكە نابینن و لە شكستەوە نزیكە”.
ئاشكراشیكرد، هەماهەنگیمان لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەكان و وەزارەتی پەروەردە هەیە كە هەرچی زووە پڕۆسەی خوێندن لەنێو هۆڵەكان دەستپێبكاتەوە، دیارە بۆچوونی نوێ هەیە، بیستوشمە ئەو بۆچوونانە لەناو وەزارەتیش هەیە كە پڕۆسەی خوێندن بڕیاری نوێی لەسەر بدرێت، بەڵام كەوتووەتەسەر بڕیاری نوێی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، ڤایرۆسەكەش چەند ڕۆژێكە دابەزیوە و ئومێد دەكەین ئەم بۆچونانە كاری لەسەر بكرێت و بڕیاری نوێ لەسەر خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن بدرێت.

ڕوونیشیكردەوە، لە كۆبوونەوەی ڕابردوو لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە ڕامانگەیاند ئەگەر نەتوانین هەموو ڕۆژەكانی هەفتە پڕۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانەكان بەردەوام بن، بەهۆی ڕەوشی كۆرۆناوە، دەتوانین چەند ڕۆژێك بە تەناوب وەك پێشتر خوێندن دەستپێبكاتەوە و ئەگەر بۆچەند ڕۆژێكی كەمیش بێت خوێندكاران ڕاستەوخۆ وانەكان وەربگرن.