سەردێر

جینۆسایدی ئەرمەن پەیوەندیی ئەمریكا و توركیا بەرەو كوێ دەبات؟

 

خەڵك-
دوێنێ جۆ بادین سەرۆكی ئەمریكا بە فەڕمی دانی نا بە كۆمەڵكوژكردنی ئەرمەنەكان لەلایەن عوسمانییەكانەوە، ئەمەش پەیوەندییەكانی ئەم دوو وڵاتەی تێكدا.

دوێنێ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بە ڕەسمی دانی بە جینۆسایدكردنی ئەرمەنەكاندا نا، كە پێش 106 ساڵ ئەنجامدراوە، ملیۆنێك و 500 هەزار ئەرمەنی لەلایەن عوسمانییەكانەوە كوژراون، ئەمەش نیگەرانی توركیای لێكەوتەوە، بەمەش پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دەچنە قۆناغێكی نوێوە.

هیوا سەید سەلیم چاودێری سیاسی و شارەزا لە كاروباری توركیا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای بڕیارەكەی بایدن پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە گرژ دەبێت، چونكە لە دوێنێوە چاودێرانی ئەمریكا دەیانەوێ بابەتەكە هێور بكەنەوە، كە پێیانوایە ئەمە شتێك نییە كاریگەری لەسەر پەیوەندی ئەمریكاو توركیا دابنێت، بەڵام توركیا دەڵێت بەپێچەوانەوە كاریگەری نێگەتیڤ دادەنێت و بەجددیشی دادەنێـت.

وتیشی”لەمەودوا ساڵانە یادی كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكان دەكرێتەوە لە ئەمریكا، وەك چۆن پێشتر لە چەند وڵاتێك كە دانیانناوە بەو كۆمەڵكوژییەدا، بۆ لەمەودواش ئەرمەنییەكان ئازادن ئەو یادە بكەنەوە”.

ئاشكراشیكرد، ئێستا ئەرمەنییەكان دەتوانن لە دادگاكای ئەمریكا سكاڵا لەسەر توركیا تۆمار بكەن، لەبەرئەوەی ئێستا دانیان ناوە بەو كۆمەڵكوژییەدا و دەشتوانن داوای قەرەبوو بكەنەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، لەبەرانبەردا توركیا پێیوایە ئەمە كاردانەوەی ئەو سیاسەتەی توركیایە كە لەبەرانبەر ئەمریكادا كردوویەتی، چونكە پەیوەندی ئەمریكا و توركیا پەیوەندییەكی ئاسایی نەبوو، بەتایبەتی دوای كڕینی S400 ، پێیانوایە ئەمە كاردانەوەی بایدنەو جارێكیتر پەیوەندییەكانیش ئاسایی نابنەوە.