سەردێر

“ئەمریكا سیاسەتێكی دوو ڕوویی هەیە لەگەڵ كورد”

سەركەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمجارەی توركیا بە بەرگری پەكەكەوە بەندە

خەڵك-

لە دوێنێوە توركیا ئۆپەراسیۆنێكی نوێی بۆ سەر باشوری كوردستان دەستپێكردووە بە ئامانجی لێدان لە بنكە و بارەگاكانی پەكەكە.

ئەم هێرشە هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بۆ بە جینۆناساندنی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان لەلایەن عوسمانییەكانەوە كە پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكای بەرەو خراپی بردووە.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و تاكو ئێستاش عێراق و ئەمریكا هەڵوێستێكی جددیان لەبەرانبەر ئەو جموجوڵەی توركیا نییە.

هیوا سەید سەلیم چاودێری سیاسی و شارەزا لە كاروباری توركیا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا دژی پەكەكە درێژكراوەی ئەو بەرنامەیە كە لە ساڵی ڕابردوو دانراوە و مەبەستێتی پەكەكە لەو سنوورانە داببڕێنێت بەتایبەت لە ڕۆژئاوای كوردستان.
وتیشی”پێشتر توركیا بەڵێنیان دابوو لەناكاو بێنە شەنگال، بەڵام تا ئیستا نەیانتوانیوە ئەویش بەهۆی ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا و دۆخی شەنگال، بەڵام پەلاماری چیای گارەیدا و تووشی شكستێكی گەورەش بوو، ئێستاش چەند سەركەوتوو دەبێت دەوەستێتەسەر بەرگری پەكەكە”.

ڕوونیشیكردەوە، هەست دەكرێت دوو ڕووبیەك لە سیاسەتی ئەمریكادا هەیە، بەشێوەیەك بایدن پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە دەكات و بەڵێن دەدات لە حوزەیرانی ئەمساڵ لە چوارچێوەی لوتكەی ناتۆ یەكتر ببینن، ڕۆژی دواتریش ئەو بەڵێنەی جێبەجێ دەكات كە بە ئەرمەنییەكانی دابوو كە بابەتی بەجینۆسایدی ئەرمەنەكان بوو، لەلایەك ئیدانەی توركیا دەكات و لەلایەكیترەوە دیدار و نزیكبوونەوە، ئەمە چ مانایەك دەگەیەنێت، بۆیە كورد نابێت چاوەڕوانی شتێك بكات لە ئەمریكا بەتایبەت لە باكور.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دوو ئەزمونی باشوور و ڕۆژئاوامان هەیە، ئەمریكا لە هەردوولا پشتیوانی لە پێشمەرگە و شەڕڤانان دەكات، لەبەرانبەردا ئەو چاوپۆشییەی بەرانبەر بە باكور هەیە، پێویستە ڕەخنە لەو سیاسەتەی ئەمریكا بگیرێت، هەرچەندە لەگەڵ ئەوەش نیم كورد سەنگەر لە ئەمریكا بگرێت وەكو نەیار مامەڵەی لەگەڵ بكات، بەڵام دەبوو ئەمریكا هێندە جڵەو بۆ توركیا شل نەكات كە هەر ڕۆژە و ناوچەیەكی كورد داگیر بكات.