سەردێر

چەند پێشنیازێك بۆ خوێندن دەخرێنەڕوو

سلێمانی – نزار جەزا

بەپێی زانیارییەكان چەند پێشنیارێك بۆ كردنەوەی دەرگەی قوتابخانەكان دراونەتە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا چاوەڕێ دەكرێت لە كۆبوونەوەی داهاتوو بڕیار لەسەر بەردەوامی داخستنی قوتابخانەكان یان كردنەوەیان بدرێت.
خوێندكاران لەخوێندنی ئەلیكترۆنی بەردەوامن، بەڵام بەڕای سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پڕۆسەكە سەركەوتوونییە، بۆیە پێویستە دەست بەخوێندن لەناو قوتابخانەكان بكرێتەوە.

نیاز ئەحمەد سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، خوێندنی ئەلیكترۆنی بەهۆی نەبوونی كارەبای بەردەوام و كەمی هێڵەكانی ئینتەرنێت و بەردەستنەبوونی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی وەك مۆبایل و ئایپاد و كۆمپیوتەر، گرفت بۆ پڕۆسەكە دروستبووە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەهەرێمی كوردستان نزیكی ساڵێك و دوو مانگ تێپەڕیوە بەسەر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، كە لەو ماوەیەوە خوێندنی ئەلیكترۆنی ماوە ماوە بەردەوامبووە، كە بەهۆیەوە خوێندكار نەیتوانیوە پەروەردەیەكی باش بكرێت و زانیاری پێویستیشی وەرنەگرتووە.

باسی لەئەوەشكرد، لەدەرئەنجامی بەدواداچوونەكانیاندا دەركەوتووە پڕۆسەی خوێندن بەئەلیكترۆنی سەركەوتوو نەبووە و لێكەوتەی خراپیشی لێكەوتۆتەوە.

زیاتر ڕوونیكردەوە، لەگەڵئەوەدانین پڕۆسەی خوێندن بەشێوەی ئەلیكترۆنی بەردەوامبێت، بەڵكو داوایانكردووە، دەرگای خوێندنگەكان بكرێنەوە، بەجۆرێك بەڕێوەبەری پەروەردەكان خۆیان دەسەڵاتی تەواویان پێبدرێت، كە بەچ میكانیزمێك كاتی دەوام ڕێكدەخەن.

ئەوەشی باسكرد، بەهۆی خوێندنی ئەلیكترۆنییەوە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی خوێندكاران و مامۆستایان لەگەڵ قوتابخانەكەیاندا نامێنێت، بەكارهێنانی مۆبایل و ئایپاد و كۆمپیوتەر كاریگەری خراپ لەسەر چاوی منداڵ دروستدەكات، ناتوانرێت بەشێوەیەكی باش كۆنتڕۆڵی منداڵ بكرێت، كە ئەوكاتەی لەسەر هێڵە خەریكی چییە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەو خوێندكارانەی لەقۆناغەكانی سەرەتاییدان پێویستە لەقوتابخانە لەلایەن مامۆستای پسپۆڕەوە فێربكرێن، چونكە كەسوكاری خوێندكار ناتوانن هاوشێوەی مامۆستایان ئەو منداڵە فێربكەن.

باسی لەئەوەشكرد، ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەنها بەداخستنی دەرگای قوتابخانەكان ناكرێت، لەكاتێكدا هەموو شوێنە گشتییەكانی دیكە كراونەتەوە.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، دەكرێت وەزارەتی پەروەردە بەشێك لەدەسەڵاتەكانی شۆڕبكاتەوە بۆ بەڕێوەبەری پەروەردەكان، بۆئەوەی خۆیان بەپێی سروشتی سنوورەكەی خۆی كاتی دەوامی قوتابخانەكان ڕێكبخات.

بەمەبەستی ڕێگری لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خوێندنی ئەلیكترۆنی لەقوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان پەیڕەودەكرێت، بەشێك داوای كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دەكەن و بەشێكی دیكەش پێیانوایە سەلامەتی منداڵەكانیان لەخویندن گرنگترە و نایانەوێ دەرگای قوتابخانەكان بكرێنەوە.