سەردێر

هەندێك لایەنی ئیسلامی هانی توندوتیژی و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی دەدەن

پارێزگاری سلێمانی: دەبێت یەكدی قەبوڵ بكەین

خەڵك-

ماوەیەكە كۆمەڵێك مەلا و كەسانی نزیك لە حزبە ئیسلامییەكان هانی توندوتیژی دەدەن لە بەرامبەر هەندێك رووداودا كە رووداوەكان جێگای گومانن، ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی دروستكردووە.

لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەك مەلا و كەسانی سەر بە حزبە ئیسلامییەكان لە بابەتەكانی هاتنی پاپای ڤاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان، رێوڕەسمەكانی جەژنی نەورۆز، سەڵاحەدینی ئەیووبی و سەمای كچ و كوڕێك لە سلێمانی بە توندی هاتوونە سەر هێڵ و هانی توندوتیژی دەدەن بە ناوی بەرگری لە ئاین و نەریتی كوردی، لە كاتێكدا خۆیان دژی نەریتی كوردین كە رێوڕەسمەكانی نەورۆزە.

هۆشداری دەدرێت لە مەترسی رەوشی نێوخۆیی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوەی حزبەفەرمانڕەواو بە ناو ئۆپۆزسیۆنەكان رەوشی نێوخۆی كوردستانیان گەیاندووەتە لێواری پێكدادان لە رووی دروستكردنی ناكۆكی ناوچەیی و جوگرافی، شارچێتی و ناوچەچێتی، هۆزگەرایی و ناكۆكی قوڵی سیاسی، دابەشكردنی كوردستان بۆ چەند زۆنگ و ناوچەیەك و هەژموونی چەند بنەماڵەیەك.

لە نوێترین هەنگاویشدا حزبە ئیسلامییەكان خەریكن مەترسیدارترین هەنگاودەنێن ئەویش دروستكردنی ناكۆكی دینی و تێكدانی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و قەبوڵكردنی یەكدییە، كە ماوەی دەیان ساڵە لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە و كەس كێشەی لەگەڵ كەسی دیكەدا نەبووە.

لەو بارەوە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دابونەریت و كلتور و دین هەریەكێكمان بۆ ئەوی پیادەی ئازادییەكانمان بكەین بە ئازادانە، دەبێت سنووری ئازادییەكانمان بۆ خۆمان دیاری بكەین و نەچینە پاوانی یەكێكیترەوە.

پارێزگاری سلێمانی دەڵێـت: بابەتی لەو شێوەیەی ئەنجام درا، هۆكاری ئەوەیە كە لە سلێمانی ئازادییەكان لە ئاستێكی بەرزدان.

دەشڵێت: ئەو دوو گەنجە دانیشتووی سلێمانی نین و بەشێك نین لەو كلتورە، پێویست ناكات درۆ لەگەڵ خۆماندا بكەین، لە سلێمانی مزگەوت و یانەی شەوانە و رەش بەڵەك و هەموو شتێكی تێدایە، ئەوە نەریتی ئەم شارەیە، ئەگەر ئەوە قبوڵ نەكەیت ناتوانی ئیدارەی شارێك بكەیت بە جیاوازییەكانییەوە، لەبەرئەوە لەگەڵ جیاوازییەكاندام لە چوارچێوەیەكی یاسایی و ویژادانی كە بەریەكەوتن لەگەڵ یەكتر دروست نەبێت و شاریش كە گەورە دەبێت هەموو دیاردەیەكی نوێی دێتەناو.

ئاشكراشیكرد، مرۆڤایەتی جیاوازە و هیچ كەسێكمان وەك یەك بیرناكەینەوە، ئازایەتی ئێمە ئەوەیە كە نەبینە هۆكاری پێشێلكردنی پاوەنەكانی یەكتری و ئەگەر پێشێلی كرد یاسا و داواكاری گشتی بكەین بە دادوەر لەنێوانمان.