سەردێر

قەڵادزێ مێژووێك لە نەبەردی

ساڵوەگەڕی بۆردومانكردنی قەڵادزێیە

خەڵك-

لە 24ی نیسانی 1974 شاری قەڵادزێ لەلایەن سوپای رژێمی عێراقەوە بۆردومان كرا و دەیان كەس بوونە قوربانی.

شاری قەڵادزێ نێوەندی قەزای پشدەرە و سەر بە پارێزگای سلێمانییە و ١٣٤ كیلۆمەتر لێییەوە دوورە، لە ڕۆژھەڵاتییەوە هاوسنووری ڕۆژهەڵاتی كوردستانە لەگەڵ شارەكانی سەردەشت و میراوایە، لە ڕۆژئاواشەوە ڕانیە، لە باكوورەوە ناحیەی قەسرێی قەزای چۆمانە و لە باشوورەوە ناحیەی بنگردە و ناوچەی مەرگە و قەزای ماوەت و شارباژێڕە.

قەڵادزێ لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا ناوی حەمیدیە بوو كە بە ئیفتیخاری عەبدولحەمیدی دووەم ئەم ناوەی لێندرابوو.

قەڵادزێ لەم گەڕەكانە پێكدێت (خانەقا، ئاشتی، ئازادی، گربداخ، ئیمام قاسم، ڕاپەڕین، بابان، نەورۆز، كۆڕەو، ساوێن، مەشخەڵان، شەهیدان، مامەندە، باخان، فەرنبەران، بنارو چوارچرا).

قەڵادزێ لە ساڵی ١٩٤٨ دەبێت بە قەزا، لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤دا لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆردومان دەكرێ، كە زانكۆی سلێمانی ئەو كات بۆ قەڵادزێ گوێزرابووەوە، بووە هۆی شەهید كردنی 163 كەس و برینداركردنی نێزیك بە 200 كەسی دیكە.

لە ٢٤ی نیسانی 1984 بۆ یەكەم جار لە كوردستاندا دانیشتووانی شارەكە ڕادەپەڕن دژ بە حكوومەتی ئەو كات لە دوای 10 ساڵ لە بۆردومانی شارەكە، لە ساڵی ١٩٨٩ دانیشتوانی پشدەر ڕادەگوێزرێن بۆ ئۆردوگاكانی بازیان و خەبات و چەند ناوچەیەكی دیكە.

ناحیەكانی قەزای پشدەر بریتین لە ناوەندی شاری قەڵادزێ، سەنگەسەر، ژاراوە، هێرۆ، ئیسێوە، هەڵشۆ‌.

٢٨٤ گوندیش لە خۆی دەگرێت.