سەردێر

5 پەرلەمانتار بە كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە

نزیكەی 50 پەڕلەمانتاریش تووشی كۆرۆنا بوون كە دۆخی ژمارەیەكیان ناجێگیرە

خەڵك
تا ئێستا 5 پەرلەمانتار و 3 فەرمانبەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دواییان كردووە، لە ئێستاشدا ژمارەی پەرلەمانتارە توشبووەكان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، گەیشتووەتە نزیكەی 50 پەرلەمانتار، كە دۆخی تەندروستی ژمارەیەكیان ناجێگیرە.

ئیناس محەمەد، بەرپرس لە بەشی كارگێڕی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریكای وتوە، ژمارەی پەرلەمانتارە توشبووەكان بەكۆرۆنا لە زیادبووندایە، تائێستا نزیكەی 50 پەرلەمانتار توشی كۆرۆنا بوون، 12 یان دۆخیان خراپە، 5 یشیان كۆچی دواییان كردووە.

لەنێو ئەو 5 پەرلەمانتارەدا كە باڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دواییان كرد، تەنها پەرلەمانتارێكی كوردی فراكسیۆنی پارتی تێدابوو، ئەویش ئارام باڵەتەیی وتەبێژی فراكسیۆنەكەبوو، دوا پەرلەمانتاری عێراقیش كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد، عەدنان ئەسەدی سەرۆكی كوتلەی دەوڵەتی یاسابوو.

شێركۆ میروەیس ئەندامی پەڕلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریكای وتوە”ڕێژەی توشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق و هەرێمیش تا دێت بەرز دەبێتەوە، چونكە خۆپارێزی و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستیەكان نیە.”

دەشڵێت، هۆكاری ڕاگرتنی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا نیە لەنێو پەرلەماندا، بەڵكو گرژی نێوان كوتلە و لایەنەكانە.

شوێنی 4 لەو پەرلەمانتارانە پڕكراونەتەوە كە كۆچی دواییان كردووە، بەڵام شوێنی دوا پەرلەمانتاری كۆچ كردوو كە عەدنان ئەسەدی سەرۆكی دەوڵەتی یاسابوو، هێشتا پڕ نەكراوەتەوە.