سەردێر

تێكچوونی كاتی خەوتن لە ڕەمەزاندا گرفتی تەندروستی دروست دەكات

خەڵك- ئارام سەردار
پزیشكێكی پسپۆڕی گیادەرمان ڕایدەگەیەنێت، ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەبێت زیاتر لە٨٠٪ خواردنەكانیان لەڕەمەزاندا گیایی بێت لەگەڵ میوەجات، بۆیە سیستەمی خۆراك زۆر گرنگە، د.بەدر قادر سورچی، پزیشكی پسپۆڕی گیادەرمان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دەستكاری كردنی سەعاتی بایەڵۆجی لەمرۆڤ بەشەو نەخەوێ و بەڕۆژ بخەوێ ئەوا گرفتی زۆر دروست دەبێت و تووشی لەبیرچوونەوە و بێ تاقەتی دەبیت.

خەڵك: لەپارشێو و بەربانگدا خواردنی تەندروست كامانەیە؟
د.بەدر سورچی: ڕەمەزان مانگێكی تایبەتە، بۆیە كەسی ڕۆژووەوان دەبێت خواردنێك بخوات برسی نەبێت و تێنوو نەبێ، فەلسەفەی ڕەمەزانیش تەنها خۆبرسی كردن نیە یان ئێواران خواردنی زۆر بخۆی، بەڵكو بۆ ئەوەیە خواردنێكی كەم و تەندروست بخۆی، تاوەكو ئەو خواردنانەی لە ١١ مانگی ڕابردوو لە لەشمان كەڵەكەی كردوە وەك چەوری و شەكر و جۆرەكانی تر لەم مانگە بەشێوەی تەندروست ماددەكان لە لەش نامێنێ، بەڵام گرنگ ئەوەیە چ خۆراكێك دەخۆی.

خەڵك: ئەو خواردنانە چین خۆمانی لێ بپارێزین؟
د.بەدر سورچی: وەك تیژی و ترشی و چەوری و شیرینی بەتایبەت پاقڵاوە و شەربەتی دەستكرد تابكرێت كەم بخوورێت، هەروەها خواردنی سوورەوەكراو بەهیچ شێوەیەك بەلایدا نەچن چونك زیانی تەندروستی هەیە بەتایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بۆیه باشترە هەندێ خواردن بەكاربێنین لەپارشێودا تەحین و گوێز و ماستی چێڵ، زۆر شتێكی باشە، لەمیوەكانیش هەرچەندی بەكاربێت كەمە چونكە ڕیشاڵی تێدایە بەدرێژایی ڕۆژ شی دەبێتەوە و ئاو بەلەش دەدات لەهەمان كاتدا هەست بەبرسیەتیش ناكات، كەسێك هەر نەخۆشیەكیشی هەبێت دەتوانێ تەحین و گوێز و ماستی چێڵ بخوات، هاوكات شۆفان هەیە بۆ ئەوانەی چەوری و فشاری خوێن و شەكرەیان هەیە یان قەڵەون وەكو چارەسەریش بەكاری دێنین لەگەڵ ماست تێكەڵ دەكرێت شۆفان وادەكات هەست بەبرسیەتی نەكەی، لاشەش ئەو خواردن و چەوری و وزانەی خەزنی كردوە و كەڵەكە بووە دەیسوتێنێت وادەكات كێشی داببەزێت.

خەڵك: بۆ بەربانگ ڕۆژووەوان چی بكات؟
د.بەدر سورچی: خەڵكێك هەیە هەر لەگەڵ فتاركردنەوەدا بەرلە نوێژكردن دەست بەنان خواردن دەكات ئەمەش كارەساتە، بەڵكو باشترە بەچەند دەنكە خورمایەك كە گلوكۆزی تێدایە لەگەڵ ئاو كە ئاوی سارد نەبێت بەڵكو ئاسایی بێت فتاربكەنەوە، ئەگەر شۆرباش هەبوو كەمێك بخوات لەگەڵ هەندێ زەڵاتە پاشان بچێت نوێژبكات ودواتر بێتەوە كەمێك خواردن بخوات، كلتورێكی خراپیش فێربووین هەموو ڕۆژ برنج دەخۆین، با هەفتەی دوو ڕۆژ برنج بێت لەگەڵ گۆشت، چونكە تۆ كە بەڕۆژووبوویت بۆ ئەوەی ووزە كۆكڕاوەكان بسووتێنێ كەوەك چەوری كۆبوونەتەوە، هەیە تەنانەت كێشی زیاتر دەكات چونكە برنج و باقڵاوە و نان و خورما دەخوات كەهەموویان كاربۆهیدراتن لەكاتێكدا دەبێت یەك سەرچاوەی كاربۆهیدرات بەكاربێنی گۆشتیش دەخوات هەموو ڕۆژ بەكاربێت زۆر خراپە، دەتوانن هەندێ ڕۆژ گیا بەهاریەكان بخۆین وەك كنگر و تۆڵەكە و كاردی و…هتد، چونكە هەر گیا بەهاریەك بۆخۆی دەرمانخانەیەكە، چونكە خواردنی قوڕس تووشی گرفتی تەندروستیت دەكات.

خەڵك: كۆمەڵێك نەخۆشی درێژخایەن هەن ئەوانە چی بكەن؟
د.بەدر سورچی: نەخۆشی شەكرە و گورچیلە پێویستیان زۆر بەئاوە، بەتایبەت شەكرە بەردەوام ناو دەمیان ووشكە، گەر كەسێك بەهۆی بەڕۆژووبونەوە گرفتی تەندروستی بۆدروست بێت گورچیلەی لاوازبێت یان هەر گرفتێكی تر گوناحی دەگات بەڕۆژووبێت، چونكە خوای گەورە ڕووخسەتی داوە بەڵام بۆ ئەو كەسانە نا هەر كەمێك نەخۆش بێت بچێت بەڕۆژوو نەبێت،بەڵام كەسێك شەكرەی هەیە لەبرسیەتی شەكرەكەی لەسەرووی ١٥٠یە، ئەوانە ناتوان بەڕۆژووبن، بەڵام هەیە توانای هەیە ئاساییەبەڕۆژوو بێت واتە كەسەكە خۆی دكتۆری خۆیەتی ئەگەر دەزانێت گرفتی نیە دەتوانێت بەڕۆژووبێت، ئەوانەشی كێشەی گورچیلەیان هەیە زۆر پێویستیان بەئاو هەیە چونكە گەر گورچیلە بوەستێت دەبێت چەندین دەفتەر دۆلار دابنێن ئینجا ئایا سەركەوتو دەبێت یان نا دیار نیە، هەیە لە٢٠٪ی گورچیلەی كاردەكات ئەوانە نابێت بەڕۆژووبن، هەروەها ئەوانەشی پاڵەپەستۆی خوێنیان هەیە بەپێی باری تەندروستیان دەتوانن بەڕۆژووبن، ئەگەر دەرمانی هەبێت ناتوانن بەڕۆژووبن، بەگشتیش ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەبێت زیاتر لە٨٠٪ خواردنەكانیان گیایی بێت لەگەڵ میوەجات، بۆیە سیستەمی خۆراك زۆر گرنگە.

خەڵك: تووشبووانی كۆڕۆنا كەچاك بوونەتەوە چۆن دەتوانن بەڕۆژووبن، بەتایبەت ئەوانەی بەرگری لەشیان لاوازبووە؟
د.بەدر سورچی: تووشبووانی كۆڕۆنا بێ هێزن توانای بۆن و تامیان نەماوە، ئەوانەش ئەگەر بێ تاقەت بن و نەتوانن خواردنی زۆر بخۆن، یان گرفتی تری تەندروستی بۆ دروست بووە وبەرگری لەشیان لاواز بووە دەتوانن بەڕۆژوو نەبن چونكە ناتوانن خواردنی پێویست لەپارشێودا بخۆن، هیچ ووزەیەكی كۆكراوەشیان نەماوە لەلەش، بەڵام خۆشیان دەتوانن بڕیار بدەن گەر توانای هەیە تەندروستی باش بێت و دەتوانن خواردن بخۆن بۆ ئەوەی بەڕۆژووبن.

خەڵك: گرفتی كەم خەوی و نەخەوتن تاپارشێو چ كاریگەریەكی تەندروستی هەیە؟
د.بەدر سورچی: سەعاتی بایەلۆجی مرۆڤ خودا دایناوە شەوان بۆ پشووە، لەڕۆژیشدا چاڵاكە گەر بێت و ئەو سەعاتە بایەلۆجیە دەستكاری بكەی و تێكی بدەی بەشەو نەخەوێ و بەڕۆژ بخەوی ئەوا گرفتی زۆر دروست دەبێت، چونكە ئەو ئەنزیم و هۆڕمۆنانەی لەشەودا كاردەكەن لەڕۆژدا كارناكەن بەپێچەوانەشەوە، بۆیە دەبینی هەیە تووشی لەبیرچوونەوە و بێ تاقەتی و خەواڵۆیی و لاوازی دەبیەوە، خەوی شەوانەش بەهیچ خەوێكی ڕۆژ قەرەبووناكرێتەوە، لەڕووی زانستیشەوە خەوی ڕۆژ بەهای نیە لەئیسلامیشدا نیوسەعات قەیلولە لەڕۆژدا دانراوە، لەبەر ئەوە باشترە دوای نوێژی عیشا، یان هیچ نەبێت شەوانە چەند كاتژمێرێك بخەون، بۆ ئەوكەسانەشی دەڵێن خەومان نیە گوڵەباخ و شارەیحانە و گوڵاڵە سورە وعاجیلە هەیە لەلای عەتارەكان دوای نوێژی عیشا وەك چایە لێی بنێت و بیخوات خەوی لێ دەكەوێت، یانیش دەتوانێت سەردانی پزیشكێك بكات.