سەردێر

لەسەر بێڕێزیكردن بە ئیسلام، سەركردەیەكی بزووتنەوە هێرشی توند دەكاتە سەر ئیسلامییەكان

خەڵك-

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، لایەنە ئیسلامییەكان لە ئاست ئایینی نەتەوەكەیان بێدەنگن.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە هەر یەك لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی سووكایەتی بە موقەدەساتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام كرا و بەتایبەت لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و كاردانەوەی جیاوازی هاووڵاتیانیشی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام تاكو ئێستا هیچ لایەنێكی بەرپرس لەسەر بابەتەكە نەهاتۆتە دەنگ.

مونیرە عەلی عەبدولعەزیز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێمە هەڵوێستی توندمان لەبەرانبەر ئەو سووكایەتیانە دەبێت و هەڵوێستەكەشمان خۆڕسكییە.

وتیشی، “پەیوەندیمان بە خاوەنی كافتریاكەی سلێمانییەوە كردووە و ڕوونكردەوەی داوە و بێئاگایی خۆی لەو بارەوە داوە، بەڵام ئەمە دەستێكی دەرەكییە بە ئاشكرا كار دەكات لەسەر نەمانی ڕەوشت و بابەتەكەش پەنجا بە پەنجایە و لێرەو لەوێش بەهەمانشێوە دەكرێت، بەشێوەیەك لێرە پەیكەری ماچ و لەوێش پەیكەری هاوڕەگەزبازی دادەنێن”.

ڕوونیشیكردەوە، ئەمشەو هەڵوێستمان ڕادەگەیەنین و داوای داخستنی كەناڵەكان و شوێنە خراپانە دەكەین، كەناڵەكان بە ئاشكرا كار لەسەر نەهێشتنی ئەخلاقی خەڵك دەكەن، خەڵك نان نییە بیخوات، بەڵام كەسێك لە ڕۆژهەڵاتەوە دێت بە شەوێك دەبێتە خاوەنی هەموو شتێك.

سەبارەت بە گەیاندنی داواكارییەكانیان بە حكومەت، ناوبراو ڕایگەیاند، حكومەت هەر نییە، ئەگەر حكومەت هەبێت پێوتنی بۆچیە، دەبێت خۆی ڕێگری بكات، بەڵام ناچارین داواكانمان لە لایەنی بەرپرس بكەین كە سنوورێك بۆ ئەو بێ ڕەوشتیانە دابنرێت و حورمەت بگەڕێنێتەوە بۆ خەڵكی موسڵمان.

ئاماژەی بۆ ئەەش كرد، ئەو كارانەی دەكرێت هەمووی بێ یاساییە، لە كوێی یاسای ئەم وڵاتە جێگەی ئەم بەدڕەوشتییە دەبێتەوە، تا ئێستاش یاسای ئەم وڵاتە یاسای ئیسلامییە و ئەوەی دەكرێت بەدەرە لە یاسای و كلتوری خەڵك.

سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە ئیسلامییەكان، ناوبراو ڕایگەیاند، بەداخەوە حزبە ئیسلامییەكان لەسەر بابەتێكی سیاسی هەڵوێستی توند دەنوێنن، بەڵام لەسەر بیروباوەڕی نەتەوە و ئەندامەكانیان كەڕ و كوێرن و هیچ هەڵوێستێكیان نییە.