سەردێر

دوای گارە، توركیا لە میحوەرێكی دیكەوە پەلاماری هەرێم دەدات

خەڵك-
دوای شكستە سەربازییەكەی لە ناوچەی چیای گارە، ماوەی هەفتەیەكە سوپای توركیا لەڕێی ئاسمانییەوە چاودێری ناوچەكانی چیای مەتین دەكات و لە دوێنێشەوە ئۆپراسیۆنێكی دژی پەكەكە دەستپێكردووە بە مەبەستی داگیركردنی ناوچەكە و دابڕینی باشوور و باكووری كوردستان لە یەكتری.

چیای مەتین، كە لە دوێنێوە بۆتە ئامانجی ئۆپراسیۆنی سوپای توركیا، هەردوو پارچەی باكوور و باشووری كوردستان پێكەوە دەبەستێتەوە و بە ناوچەیەكی ستراتیجی دادەنرێت.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ماوەی هەفتەیەکە سوپای تورکیا لە ڕێگەی فڕۆكەی چاودێرییەوە ڕووماڵی ئەو ناوچەیەیان کردووە و لە لایەن هاووڵاتیانی ناوچەکەوە فڕۆكەكان بینراون و لە دوێنێوە بۆردومانی بۆ سەر ئەو ناوچانە دەستپێكردووە.

هیوا سەید سەلیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، شەڕی ئەو جارەی گەریلا و سوپای توركیا لە دەڤەری ئاوا شینە لە دیوی باكوور، كە ناوچەكە پێی دەوترێت شەمزینان و لە دیوی باشووریش سەرووی دەڤەری نێروە و ڕێكان و بارزانە.

ڕاشیگەیاند، ئەو ناوچەیە چەندین جاری دیكە بۆتە ئامانجی سوپای توڕكیا، ناوچەكە ئەگەرچی لە ڕووی ستراتیژیەوە سەختە، بەڵام توركیا مەبەستیەتی داگیری بكات تا بتوانێت باشوور و باكوور لێك داببڕێت.

وتیشی، “ئامانجێكی دیكەی ئۆپراسیۆنەكەی توركیا لادانی زوومی ناوخۆیە لەسەر قەیرانەكانی توركیا بە تایبەت لەوەی ئەمڕۆ بڕیارە سەرۆكی ئەمریكا دان بنێت بە جینۆسایدی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان”.