سەردێر

“عەرەب و توركمان پلانێكی مەترسیدار دژی كورد جێبەجێ دەكەن”

خەڵك-

بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، مەترسی لەسەر دروست نەكردنی یەك لیستی كوردی لە كەركوك هەیە.

بڕیارە مانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەبچێت و بەهۆی گۆڕانكاری لە یاساكەشدا، سەرجەم لایەنەكان و بەتایبەت لایەنە بچوكەكان مەترسی لەدەستدانی كورسییەكانیان هەیە و بەپێی زانیارییەكانیش، تاكو ئێستا لایەنە كوردییەكان هیچ هاوپەیمانیەتییەكیان پێكنەهێناوە.

حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، حزبە كوردستانییەكان چەندین كۆبوونەوەیان كردووە بۆ ئەوی لیستێك دروست بكرێت بۆ ئەوەی كاندیدەكان كەم بن و دەنگەكان بەهەدەر نەچن، بەڵام بەداخەوە واهەست دەكەین ئەو لیستە سەركەوتوو نابێت.

وتیشی، “ئەو دوو حزبە باڵادەستەی كوردستان، لە بەغدا چەندین ناكۆكیان هەیە ئەوەش لە كەركوك ڕەنگی داوەتەوە، ئەوان لە حكومەت پێكەوەن، بەڵام بۆ بابەتە چارەنووسسازەكان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان بە هەر بیانوویەك بێت یەك لیستیەكە تێك دەدەن”.

ئاشكراشیكرد، ئەم هەڵبژاردنە دەنگەكان بۆ لیست ناچێت و دەبێت بە تەواوەتی لێكۆڵینەوە بكرێت و كاندیدەكان دابەش بكرێن بەسەر ناوچەكاندا، كورد دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیە بكات، چونكە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە چارەنووسسازە.

ڕوونیشیكردەوە، عەرەب و توركمان دەیانەوێت بە هەموو جیهان بڵێن كورد كەمینەیە، ئەگەر كورد لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو 8 كورسی هێنا و دواتر بووە 6 كورسی، ئەگەر كاندیدەكان كەم نەبن و دەنگەكانمان دابەزێت زیانێكی زۆر دەكەین لەم قۆناغەدا، ئەوكات پۆستی پارێزگار و پۆستەكانی تریش لەدەست دەردەچن.

جەختی لەوەشكردەوە، توركمان و عەرەب دەیانەوێ ئەوە بسەلمێنن، كە ڕێژەی 32 و 32 ی كە دانراوە دەیانەوێ بیكەنە ئەمری واقیع، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو پشك پشكێنەی خۆیان دەیانەوێ نادەستووریە و دەیانەوێ بیكەنە عورفێكی سیاسی و لە كەركوك پەیڕەو بكرێت.