سەردێر

گران بوونی نرخی بەنزین كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

خەڵك-
گران بوونی نرخی بەنزین لە بەنزینخانەكانی هەرێم و بەتایبەتی سنووری پارێزگای سلێمانی كاردانەوەی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە بە تایبەتی، كە بەرپرسانی حكومەت هیچ هەڵوێستێكیان نییە و ئەندامێكی ئەنجوومەنیش لە سلێمانی دەڵێت: “هەم حكومەت و هەم كۆمپانیاكان گەلەكۆمەكێ‌ لەسەر گیرفانی هاووڵاتیان دەكەن”.

لە ماوەی ڕابردوودا بە چەند قۆناغێك نرخی بەنزین گران كراوە و ئەوەش ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێ‌ كەوتۆتەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زەنگی “هەڵمەتی خۆپیشاندان و بایكۆت كردنی بەنزین” لێدەدەن و دەشڵێن: “حكومەت بە لێبڕینەوە مووچە دەدات و نرخی دیناریش 25%ی بەهاكەی لەدەستداوە كە ئەوەش وەكو ئەوەیە نیو مووچە بدرێت و نرخی هەموو شتێك گران كراوە و حكومەتیش باكی نییە و سنوورێك بۆ ئەو هەموو قۆرخكارییە دانانێت”.

هاووڵاتیان دەشڵێن: “لە عیراق لیترێك بەنزین بە 450 دینارە، بەڵام حكومەتی هەرێم داوای بودجە لە عیراق دەكات و خۆی بە بەشێك لەو عیراقە ئەزانێت، كەچی بۆ نرخی سووتەمەنی و دابەشكردنی مووچە خۆی لەو عیراقە بێ‌ بەری دەكات”.

خاوەنی بەنزینخانەیەك لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە دوێنێوە نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بەرزكراوەتەوە بۆ 650 دینار و موحەسەن بۆ 700 دینار و سوپەر بۆ 800 دینار”.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە، (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و بە بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانییەوە، بەڵام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوون.

لای خۆشیەوە، كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) لەلێدوانێكی پێشتریدا ڕایگەیاندبوو، بەنزینی كوردستان هەمووی بازرگانییە، بازرگانییەكەی قۆرخ كراوە، كە هەم حكومەت و هەم كۆمپانیاكان گەلەكۆمەكێ‌ لەسەر گیرفانی هاووڵاتیان دەكەن، چونكە حكومەتی هەرێم هەموو پاڵپشتییەكی بۆ سووتەمەنی بڕیوە.

سەرەڕای دابەزینی بەهای نەوتی خاو لە ساڵی ڕابردوودا بۆ نزیكەی 5 دۆلار بۆ یەك بەرمیل، بەڵام نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێم نزیكەی 10 بۆ 15 دینار بۆ یەك لیتر كەم كرایەوە، بەڵام لە ماوەی ئەم دوو مانگەی نرخی نەوتی خاو بەرزبۆتەوە بۆ 60 دۆلار بەتێكڕایی، بە چوار قۆناغ نزیكەی 20 بۆ 25 دینار نرخی هەر لیترێك بەنزین گران كراوە.