سەردێر

دۆخی بازاڕەكانی هەرێم، هاووڵاتیانی نیگەران كردووە

خەڵك-

جێگری سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرز بوونەوەی بەهای دۆلار جوڵەی بازاڕی لاواز كردووە.

بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نرخی شمەك و كاڵا لە بازارەكانی هەرێم و عێراق بەرز بۆتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەرزكردنەوەی باج، بەڵام تاكو ئێستا بە لێبڕینەوە مووچە دابەش دەكات، ئەمەش چەند هێندە بارگرانی بۆسەر هاووڵاتیان دروست كردووە.

عەتا شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بابەتی بەرزبوونەوەی دۆلار كاریگەری خۆی هەیە، چونكە پێشتر ئەو پێداویستییەی، كە هاووڵاتی هەبوو بە نرخێكی كەمتر لە ئێستا كڕیوێتی، ئێستا كە نرخەكەی بەرز بۆتەوە خەتای بازرگانەكە نییە، چونكە بە دۆلار بیكرێت 25 هەزاری چۆتەسەر و دەچێتە 50، ئەمەش كاریگەری هەیە لەسەر ئەو كاڵایانەی دەفرۆشرێن.

وتیشی، “ئەم قۆناغەی ئێستا هەرێم و بازاڕی تێدایە، قۆناغێكە، كە جێگیر بوو خەڵكەكە لەگەڵی ڕادێت”.

ئاشكراشیكرد، بەرزبوونەوەی نرخی شمەك و كاڵا كاریگەری هەیە بۆسەر بەكاربردنی شمەك و كاڵا لەلایەن هاووڵاتییانەوە و پێداویستییەكانیان كەمتر دەكەنەوە، ئەگەر نرخەكە بەرز بێت.

ڕوونیشیكردەوە، پێش ئەم قەیرانە جوڵەیەكی زۆری بازار ِهەبوو، مووچەیەكی باش دەدرا و نرخی دۆلار هەزار بوو، بەڵام بەداخەوە خەڵكی ئێمە ئاگاداری داهاتووی خۆی نییە و ئەو پارەیەی دێتە دەستی بە خێرایی خەرجی دەكات.

لای خۆشیانەوە هاووڵاتیان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لەوەی پلانێكی بۆ دەسەڵات و حوكمڕانی نییە، هاوكات دەستی خستۆتە نێو ژیانی هاووڵاتیان و بە هەموو شێوەیەك ژیانی ناڕەحەت كردوون.

ئاشكراشی دەكەن، “بە هەموو شێوەیەك دەبوو حكومەت هاوكاری مووچەخۆرانی بكردایە، ئەویش لەبەر زیادبوونی داهاتی لەلایەك و ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغدا، بەڵام بێ منەتانە بەردەوامە لە سیاسەتی برسیكردنی هاووڵاتیانگ.