سەردێر

“بۆ ئەوەی هەست بەتينوێتی نەكەی ئاو زۆر مەخۆرەوە”

خەڵك-ئارام سەردار

د.سەعید تووتمەی، پزیشكی پسپۆڕ لەنەشتەرگەری و نەخۆشیەكانی دەم و ددان لەبارەی كەسانی ئاسایی، كە بەڕۆژوو دەبن بۆ ئەوەی هەست بەتێنوێتی نەكەن بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، سەوزە و میوە لە٩٥٪ ئاوە بۆیە باشترە لەدوای بەربانگ یان لەكاتی پارشێو سەوزە و میوە زۆر بخۆن، ئاو خواردنەوەش زۆر باش نیە بۆ ئەوانەی خوویان پێوەگرتووە، چونكە دوای چەند كاتژمێرێك ئاوەكە لەڕێگەی گورچیلەكانەوە فڕێ دەدرێتە دەرەوە و ئەو كەسە هەست بەتینوێتی دەكات.

دەشڵێت: “ڕاستە لە ١٠٠٪ هیچ شتێك جێگرەوەی ئاو نیە وەك شەربەتە دەستكردەكان، بۆیە دەتوانین ئاو لەڕێگای خواردنی خەیار و تەماتە و كاڵەك و ترێ و شووتی وەربگرین، كە لەسەرووی لە٩٥٪ ئاوە، ئەوكاتە وردە وردە لەكاتی هەرسكردن شی دەبنەوە بەردەوام ئاو دەدەنە لەشی مرۆڤ”.

ئەوەشی خستەڕوو، هەندێ ماددە هەن ئاو لەلەش دەدزن و وادەكەن لەش هەست بەتینوێتی بكات، وەك خوێ و سۆدە، هەروەها چا و قاوە بەهۆی بوونی كافائین گورچیلە چالاك دەبێت و سەرەنجام ئاوێكی زۆر لەلەش فڕێ دەدرێتە دەرەوە، لەش دەست بەووشك هەڵاتن دەكات، دەردانی لیكیش كە ڕۆژانە نزیكەی یەك لیتر و نیو لەلەش دەردەچێت پەیوەستە بەو ئاوەی لەلەش هەیە، بۆیە خواردنی سەوزە و و میوە و ماست زیاتر بكرێ، ئەوانەشی ئاویان پێویستە بۆ هەرس وەك نۆك و پاقلەمەنیەكان كەم بكرێنەوە”.

ئەو پزیشكە وتیشی، “شوشتنی دەم و ددان و سەرزمان دوای پارشێو زۆر باشە لەگەڵ بەكارهێنانی داوی ددان تاوەكو ڕۆژووەوان هەست بە وشك بوونی دەم و ددان نەكات”.