سەردێر

وەرزی دووەمی خوێندن لەناو پۆل دەستیپێكرد

خەڵك-

بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە وەرزی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانییەوە دەستیپێكردەوە بەشێوەی ئامادەبوون لەنێو پۆل.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) دوای كۆتاییهاتنی تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم، كە لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوو كۆتایی پێهات، ئەمڕۆ وەرزی دووەمی خوێندن دەستیپێكردەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، دوای ئەنجامدانی دەیان خۆپیشاندان لەلایەن خوێندكارانی پۆلی 12ی ئامادەیی، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆگرامی پۆلی 12ی هەموو بەشەكانی كەمكردەوە.

بەپێی زانیارییەكان، مانگی شەشی ئەمساڵ تاقیكردنەوەی كۆتایی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت.

هاوكات وێڕای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی مامۆستایان و خوێندكاران و دایبابی خوێندكاران، قوتابخانە و خوێندنی ئەلیكترۆنی بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بەردەوامە و بەپێی بەدواداچوونێكی (تۆڕی میدیایی خەڵك) كەمترین مامۆستا و خوێندكار ڕۆیشتوونەتە نێو ماڵپەڕی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی و پێیانوایە ئەو جۆرە لە خوێندن بە كەڵكی كوردستان نایەت و خوێندكاران هێندەی تر ئاستی زانستیان لاواز دەبێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی بەهۆی بەردەوامی لێبڕینی مووچە و چۆنێتی خوێندن لە ڕاگەیەنراوێكدا هۆشداری دایە لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئاشكراشیكرد، لە هەڵوێستی حكومەت و وەزارەتی پەروەردە نیگەرانن بەتایبت لە بەردەوامی لێبڕینی مووچە و هەموو هەڵوێستێكی مەدەنی لەو بارەوە دەگرنەبەر.