سەردێر

ڕێگا بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو بە چەند مەرجێك كرایەوە

خەڵك-

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند ڕێنماییەكی بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل دەركرد.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەكانی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، دوای كۆبوونەوەیەكی نێوان بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكان و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆ، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆك چەند ڕێنماییەكیان بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل دەركرد.

بەپێی نووسراوەكەش، هەر ئۆتۆمبێلێكی بەكارهاتووە دەبێت دووربێت لە هەندێك كەموكوڕی لەوانە (ژێرئاو كەوتوو، سووتاو، بڕاوە نەبێت، شاسی بڕاوە یا لە‌حیمكراو نەبێت، توكمەی دەرگا یان سەری بڕاوە نەبێت، هەردوو ئێرباگی شوفێر و تەنیشت شوفێر كار بكات).

لە خاڵێكی دیكەی رێنماییەكاندا ئاماژە بەوەكراوە، 10 جۆر ئۆتۆمبێل ڕێگەپێدراوە هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێن.

لە نووسراوەكەدا ئەوەش ئاشكرا كراوە، ڕێگا بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو دەدرێت بە مەبەستی چاككردنەوە، بە مەرجێك جۆری لێدراوەكە بەپێی ڕێنمایی ژمارە 4ی ساڵی 2020 ی هەمواركراو بێت، نابێ پێش چاككردنەوەنەوەیان ئەو ئۆتۆمبێلانە بچنەسەر شەقامەكان، بەپێچەوانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و بە بڕی یەك ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دەدرێن.