سەردێر

خاوەنی ئەو قورئانەی بە دڕاوی دۆزرایەوە لە هەولێر دەركەوت

خەڵك-
دوای بڵاوبوونەوەی چەند لاپەڕیەكی قورئانی پیرۆز لە سەر شەقامیكی شاری هەولێر و دروست بوونی ناڕەزایی لەلایەن هاووڵاتیانەوە، خاوەنەكەی دەردەكەوێت و هۆكارەكەی ئاشكرادەكات.

عەباس محمد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، قورئانەكە لە سەیارەیەك بەربۆتەوە و خاوەنەكەشی خێزانێكی ئەهلی نوێژ و جەماعەت و قورئان خوێنن.

ڕاشیگەیاند، “دوێنێ لەدوای ئەنجامدانی نوێژی تەراویح لەمزگەوت پیاوێك لەگەڵ خێزانەكەیان لە شار دەڕۆنەوە بۆ گوند لە باركردنی هەندێ كەل و پەل قورئانێكیان لەناو عەلاگەیەكدایە سەرەتا لەسەر سەیارەكە دایدەنێن، بەڵام دواتر بیریان دەچێت بیخەنە سەیارەكەوە، تا دەگەنە گوند بەدوای قورئانەكە دەگەڕێن، لەوێ بۆیان دەردەكەوێ، كە لەسەر سەیارەكە جێیان هێشتووە پاشان لێیان كەوتووە لە ڕێگا”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو پیاوە هاتۆتە لای مامۆستای مزگەوت و ڕوونكردنەوەی بۆ داوە و زۆر نیگەرانە، مامۆستاش شاهێدی بۆ دا، كە ئەهلی نوێژە و هاوڕێیەتی.

ئەوەشی ڕوونكردۆتەوە، تازە پێش دەست پێكردنی نوێژی بەیانی مامۆستای مزگەوت بۆ دڵنیایی هەمووان ئەوەی باس كرد و وتی بڕیارە ئەمڕۆ ئەو پیاوە ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی بدات.