سەردێر

بلینكن لەبارەی هێرشەكانی سەر هەولێر و عیراق پەیوەندی بە مەسرور بارزانییەوە دەكات

خەڵك

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، “بەتووندی سەركۆنەی هێرشی ڕۆكێت و فڕۆكەی بێفرۆكەوانیان لە دژی هەرێمی كوردستان و بنكەكانی عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەكەن”.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا كە ئەمڕۆ 23/4/2021 بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بە پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا و ڕایگەیاند، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا “هەرودوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بوونی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراق و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریكردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە شەڕی دژی داعش”.

دەقی ڕاگەیەنراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان:

*سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاوە پێگەیشت*

• بە توندی سەركۆنەی هێرشەكانی ڕۆكێت و فڕۆكەی بێفرۆكەوانیان لەدژی هەرێمی كوردستان و بنكەكانی عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كرد .
• حكومەتی هەرێم چاوەڕێ دەكات بەغدا بە زووترین كات، شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.
• سەرۆكی حكومەت داوای كرد هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، بەشی خۆی لەو قەرزە نێودەوڵەتیانە وەربگرێت، كە بە عێراق دەدرێت.
• هەردوولا جەختیان لە گرنگیی جێبەجێكردنی تەواوی ڕێككەوتننامەی شنگال كردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 23 ی نیسانی 2021 ، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێگەیشت.
لە پەیوەندییەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی چەندین بابەتی جێی بایەخی هەردوولا كرا ، سەبارەت بە پەرەسەندنەكانی دۆخی ئاسایشی ناوچەكە ، هەردوولا بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكانی ڕۆكێت و فڕۆكەی بێفرۆكەوانیان لەدژی هەرێمی كوردستان و بنكەكانی عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كرد .
هەرودوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستییبوون بە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریكردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە شەڕی دژی داعش.
هەروەها هەردوولا هاورابوون لە سەر ، گرنگیی یەكڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان.
پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانی سەرۆكی حكومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بوو . سەرۆكی حكومەت ، ئاماژەی بە كارنامەی چاكسازی حكومەت كرد بە ئاراستەی زیادكردنی داهات لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕێكخستنەوە لە دارایی گشتیدا .سەرۆكی حكومەت داوای لە وەزیری دەورەی ئەمەریكا كرد كە پشتگیریی حكومەتی هەرێم بكات لە بواری تەكنیكی و هانی سەرمایەگوزاریی ئەمریكاش لە هەرێمی كوردستان بدات ، بەتایبەتی لە هەردوو بواری بانكیی و وەبەرهێناندا .
لە درێژەی پەیوەندییەكەدا، سەرۆكی حكومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێشوازییان لە دەركردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی كرد . سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا ، كە حكومەتی هەرێم چاوەڕێ دەكات بەغدا بە زووترین كات، شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت. پابەندبوونی حكومەتی هەرێمیشی بە یاساكە دووپات كردەوە . سەرۆكی حكومەت داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش كرد كە ڕۆڵی كاریگەری خۆی لە یارمەتیدانی هەولێرو بەغدا بگێڕێت بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە و چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییە هەڵپەسێردراوەكانی دیكە . هەروەها بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، بەشی خۆی لەو قەرزە نێودەوڵەتیانە وەربگرێت، كە بە عێراق دەدرێت .
لە تەوەرێكی دیكەی پەیوەندییەكەدا ، سەرۆكی حكومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقیان تاووتو] كرد . هەردوولا نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر گرووپ و میلیشیا لە یاسادەرچووەكان دەربڕی كە كێشە و ئاستەنگ بۆ هاوبەشیی ئەمەریكا لە گەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد دروست دەكەن كە ئامانجی هەرێمی كوردستان و عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە .
لە كۆتاییدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی جێبەجێكردنی تەواوی ڕێككەوتننامەی شنگال كردەوە.