سەردێر

كەركوك، بەرپەرچی هێرشێكی داعش درایەوە

خەڵك-
هێزێكی هاوبەش لە سوپای عیراق و حەشدی شەعبی، بەرپەرچی هێرشی ڕێكخراوی داعش دەدەنەوە لە باشووری خۆرئاوای پارێزگەی كەركوك.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبییەوە بڵاوكرایەوە”ئەمڕۆ هەینی هێزێكی هاوبەش لە لیوای 16ی حەشدی شەعبی و سوپا، بەرپەرچی هێرشێكی داعشیان دایەوە لە سنوری چالاكی خۆیان لە دەوروبەری قەرەتەپە لە باشووری خۆرئاوای كەركوك”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپا، چەكدارانی داعشیان ناچاری پاشەكشەكردن و هەڵاتن كرد”.

وێڕای بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەكان و ڕاگەیاندنی سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر ڕێكخراوی داعش، بەڵام تائێستاش پاشماوەی چەكدارانی ڕێكخراوەكە لە ناوچەكانی باشووری كەركوك و لە پارێزگەكانی سەڵاحەدین و دیالە جموجۆڵ و چالاكییان هەیە و هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتیان دەكەنە ئامانج.