سەردێر

بەلەمێك بە 130 كۆچبەرەوە لە دەریای ناوەڕاستدا ژێرئاوكەوت

خەڵك-
ڕێكخراوێكی ناحكومی ئاماژە بە وەرگەڕان و ژێرئاوكەوتنی بەلەمێك دەكات لەبەرانبەر كەنارەكانی لیبیا و دەڵێت، بەلەمەكە 130 كۆچبەری هەڵگرتووە و دوابەدوای ئەوەش تەرمی نزیكەی 10 كەس لە دەوروبەری بەلەمەكە دەركەوتوون.

ڕێكخراوی (ئێس ئۆ ئێس میدیتیرانیە)ی ناحكومی ڕایگەیاند”لە دوای ڕووداوەكە چەند تیمێكی فریاكەوتن ڕوویان لە شوێنی ڕاوودوەكە كردووە، بەڵام بەهۆی خراپی كەشوهەواوە كە بەرزی شەپۆلەكان دەگەیشتنە شەش مەتر، نەتوانراوە هیچ سەرنشینێكی بەلەمە وەرگەڕاوەكە ڕزگاربكرێن”.

هەر لەو بارەیەوە، ئیمانویڵ شاز، ڕۆژنامەنوس لە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، ئەو لەگەڵ تیمەكانی فریاكەوتن چۆتە شوێنی ڕووداوەكە، بەڵام بێ‌ هیوابوون لەوەی بتوانن هیچ كۆچبەرێكی زیندوو ڕگار بكەن و لەگەڵ ئەوەشدا چەندان تەرمیان بەسەر ئاوی دەریاوە بینیوە”.

تائێستاش زۆرێك لە هاووڵاتیان لە ناوچەكانی خۆرهەڵاتی وەڕاست و باكووری ئەفریقا، بۆ گەڕان بەشوێن ژیانێكی باشتر، بەشێوەی نایاسایی و مەترسیدار لەڕێی دەریاوە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و هەوڵ دەدەن بگەنە وڵاتانی ئەوروپا.