خەڵك
وەزیری پلاندانانی عیراق ڕایدەگەیەنێت: ژمارەی دانیشتووانی عیراق بەشێوەیەكی زۆر گەورە زیاد دەكات بەشێوەیەك ئەو زیادبوونە ساڵانە دەگاتە یەك ملیۆن كەس.
خالید بتال نەجم وەزیری پلاندانی عیراق لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆیدا ڕایگەیاندووە: ژمارەی دانیشتووان بەشێوەیەكی گەورە زیاد دەبێت كە ساڵانە دەگاتە ملیۆنێك كەس، ئەوەش وایكردووە حكومەت نەتوانێت بەراورد بەو زیادبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان، دەرفەتی دامەزراندن بۆ هاووڵاتیان دابینبكات.
وەزیری پلاندانی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە: لە10%ی دانیشتووان فەرمانبەری حكومین و 350 هەزار كرێكاریش كە لەكەرتی تایبەت كاردەكەن، خراونەتە ناو سیستمی دەستەبەری كۆمەڵایەتیی.
پێشتریش زوهرە هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق ڕایگەیاندبوو: ژمارەی دانیشتووانی 40 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە، لەكاتێكدا لەساڵی 2017 ئەو ژمارەیە 37 ملیۆن كەس بووە. هینداوی وتویەتی: ژمارەی دانیشتووانی عیراق ئێستا 40 ملیۆن و 150 هەزار كەسە، لەو ژمارەیەش 50.5% لەڕەگەزی نێر و 49.5% لەڕەگەزی مێینەیە.
بەگوێرەی دوایین سەرژمێری گشتیی دانیشتووان كە لەساڵی 1997 لەعیراق و بەبێ هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، ئەوكات ژمارەی دانیشتووانی عیراق 27 ملیۆن كەس بووە.