سەردێر

حكومەتی هەرێم سكاڵای یاسایی لەسەر كەناڵێك تۆمار دەكات

خەڵك

بەهۆی ئەوەی لە راپۆرتێكدا باسی لە كردنەوەی سەنتەری موسادی ئیسرائیلی لە هەولێر كردبوو، حكومەتی هەرێم سكاڵای یاسایی لە دژی كەناڵێكی عیراقی تۆمار دەكات.

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاندووە:”كەناڵی ئافاقی تەلەفزیۆنی عیراقی لە پێگە ئەلكترۆنییەكەی لە ڕێكەوتی 22ی نیسانی 2021 ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هەرێمی كوردستانی بەوە تۆمەتباركردووە، گوایا ڕێگەی بە كردنەوەی (سەنتەری موساد) لە هەولێر داوە”.

جوتیار عادل ڕاشیگەیاندووە:”ئەو ڕاپۆرتە بێبنەمایەی بڵاوكراوەتەوە تەنیا لە لەسەر بنەمایەكی وەهمی ئامادە كراوە، هەوڵێكە بۆ چەواشەكردنی ڕای گشتی و تەشهیركردن بە هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ خستنەپاڵی تۆمەتێكی چەپەڵ هەرچەندە ڕەتیشمان كردووەتەوە، ئەوكات و ئێستاش جەختمان كردووەتەوە كە هیچ بوونێكی ئیسرائیلی یان سەنتەرێكی ئیسرائیلی لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە”.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكردووە، سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كەناڵە تۆمار دەكەن، هەروەك داواشی كردووە، سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەری، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف بكەنەوە و دەستبەجێ لیژنەیەك بۆ دیاریكردنی ئەو شوێنە رەوانە بكەن، كە دەگوترێت سەنتەرە ئیسرائیلییەكەی لێیە، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو تۆمەتە درۆزنانە و بێبنەما و مەترسیدارانە دابنرێت.

دەقی ڕوونكردنەوەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان:

كەناڵی ئافاقی تەلەڤزیۆنی عێراقی لە پێگە ئەلیكترۆنییەكەی لە رێكەوتی 22ی نیسانی 2021 راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هەرێمی كوردستانی بەوە تۆمەتباركردووە، گوایا رێگەی بە كردنەوەی “سەنتەری موساد” لە هەولێر داوە.

لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنین، ئەو راپۆرتە بێبنەمایەی بڵاوكراوەتەوە تەنیا لە لەسەر بنەمایەكی وەهمی ئامادە كراوە، هەوڵێكە بۆ چەواشەكردنی رای گشتی و تەشهیركردن بە هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ خستنەپاڵی تۆمەتێكی چەپەڵ هەرچەندە رەتیشمان كردووەتەوە، ئەوكات و ئێستاش جەختمان كردووەتەوە كە هیچ بوونێكی ئیسرائیلی یان سەنتەرێكی ئیسرائیلی لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە.

وێڕای ئەوەی ئەو لایەنانەی كە بەمەبەست ئەو هەواڵانە بڵاودەكەنەوە ئەو راستییە بە باشی دەزانن و بەتەواوی ئاگاداری ئەو حەقیقەتەن، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی رەواج بە سیاسەتە دوژمنكارییەكانیان بدەن، و تا ئیستاش لە بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە “درۆ و دەلەسانە” بەردەوامن، با ئەوە بزانن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان سكاڵای یاسایی لەدژی ئەو كەناڵە پێشكەش دەكات.

بۆیە داوا لە سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەری دەكەین، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف بكەنەوە و دەستبەجێ لیژنەیەك بۆ دیاریكردنی ئەو شوێنە رەوانە بكەن، كە دەگوترێت سەنتەرە ئیسرائیلییەكەی لێیە، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو تۆمەتە درۆزنانە و بێبنەما و مەترسیدارانە دابنرێت، كە بەشێوەیەكی كوێرانە دەخرێنە پاڵ هەرێمی كوردستان، كە دواجار زیانی بۆ سەرانسەر وڵات دەبێت.

گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
22ی نیسان/ ئەپریلی 2021